گرنگ

گروپی قوربان، دیاردەیەکی ترسناکی ئاینی لەباشوری عێراق


 
گروپی قوربان، دیاردەیەکی ترسناکی ئاینی لەباشوری عێراق
ڕۆچون لە پەرستشی ئاینی لەناو شیعەکانی عێراق، کۆمەڵێک دیاردەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەندێک گروپ دروست بوون کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگای شیعەی عێراق و تەنانەت کاریگەریان لەسەر سەرکردە سیاسی و ئاینیەکان دروست کردووە.
گروپێک کەناوی خۆیان ناوە ئەسحاب قەزیە بەواتای خاوەنداری دۆسیە دێت، وەکو خۆیان دەڵێن خاوەنی بابەتی شوێنکەوتنی ئیمامی مەهدین کە شیعەکان بە ئیمامی زەمان یان ئیمامی دوانزەهەم ناوی دەبەن.
هەندێک لە ئەندامانی ئەو گروپە بەشێوەیەک شوێنکەوتەی موقتەدا سەدرن و لە لایەنگریدا ڕۆچون. کە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بانگەشەی ئەوەیان کرد کە موقتەدا سەدر ئیمامی زەمانە و بەوتەی خۆیان مەهدی چاوەڕوانکراوە، بەنیازبوون لە شەوی ۲۷ی ڕەمەزان لە مزگەوتی کوفە موقتەدا سەدر بە ئیمامی مەهدی بناسێنن و بەیعەتی پێ بدەن.
بەڵام موقتەدا سەدر لە کاردانەوەدا ناچار بوو ئیعتیکاف (مانەوەی شەو و ڕۆژی مانگی ڕەمەزان) لە مزگەوتی کوفە هەڵوەشێنێتەوەو دەرگای مەرقەدی سەدری باوکی بەڕووی زیارەتکاران داخست. ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان داخست و بێ بەری بوونی خۆی لە گروپی ئەسحاب قەزیە ڕاگەیاندوو بە دوو ڕوو و خراپەکار ناوی بردن.
هەرچەندە گروپەکە سەرکردەیەکی دیاری کراویان نیە، بەڵام بەشێوەیەکی فراوان لە نەجەف و کەربەلاو بابل و چەند پارێزگایەکی تر لە ناو چینی گەنجانی هەژار بڵاو بوونەتەوە. بەوتەی خۆیان چاوەڕوانی ئیمامی مەهدی دەکەن و بەبۆچونی هەندێکیان موقتەدا مەهدی چاوەڕوانکراوە.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە گروپێکی تر بەزەقی لە پارێزگای زیقار و لە شاری ناسرییە دەرکەوتوون، بە گروپی قوربان دەناسرێن و ئەندامانی گروپەکە زیاتر گەنج و هەرزەکارن و خۆشەویستییەکی لە ڕادەبەدەریان بۆ عەلی کوڕی ئەبوتالیب خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان هەیە. هێندە ڕۆچون لە خۆشەویستی ئیمامی عەلی پێیان وایە هەرکەس خۆی بکاتە قوربانی خۆشەویستی عەلی ئەوا بەهەشت بەدەست دەهێنێت.
لە تازەترین پێشهاتدا لەناو گروپەکە شێوازێکی خۆکوشتن ئاشکرا بووە کە ئەندامانی گروپەکە تیروپشک دەکەن هەر کەسێک لە تیروپشکەکە دەربچێت خۆی دەکوژێت و بە خۆشەویستانی عەلی ناوی دەبەن. لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای ئەکاونتی نەناسراوەوە لەژێر هاشتاگی القربان، وتاری ئاگرین لەسەر خۆشەویستی عەلی و وێنەی ئەو کەسانە بڵاو دەکەنەوە خۆیان کوشتووە. ئەم گروپە بەستایلی جلی سەراپا ڕەش و هەندێک جۆری مستیلەو پەڕۆی ڕەش و ڕیش دەناسرێنەوە. لە ماوەی مانگێکدا چەندین حاڵەتی خۆکوشتنی جۆراو جۆر ڕووی داوە. تەنها لە مانگی ڕابردوو ۲٤ حاڵەت لە پارێزگای زیقار تۆمار کراون. پێدەچێت بەشی زۆری ئەندامانی گروپی قوربان بن.
دەزگا ئەمنیەکان و حکومەتی عێراق، بۆ گروپی ئەسحاب قەزیە کە پەیوەندی بەموقتەدا سەدرەوە هەیە و بێدەنگیان هەڵبژارد کە ڕەنگە پێیان خۆشبێت سەدر سەرقاڵی بابەتی ئاینی بێت و نەپڕژێتە سەر سیاسەت، بەڵام کاردانەوەی توند دژی گروپی قوربان دەستی پێکرد. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو بەسەدان ئەندامیان لە ناسریەو دەوروبەری دەستگیر کراون لەلایەن ئاسایشی نشتیمانیەوە لێکۆڵینەوە لەوە دەستی پێکردووە کە سەرکردەو دامەزرێنەرەکەیان بدۆزرێتەوە و کۆتای بەو گروپە بهێنرێت.
هەردوو گروپی ئەسحاب قەزیەو قوربان لەو گروپانەن لەناو شیعەدا مەرجەعیەتێکی دیاریکراو و سەرکردەیەکی ئاشکرایان نییە. مەترسی هەیە ئەم تەرزە نوێیە لە ئاینداری لە ناو گەنجانی شیعە بگاتە قۆناغێک بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێن. بەتایبەت کاتێک ژمارەی ئەندامانیان زیاد بکات و بیرۆکەی چەکداری و دەست گەیشتن بەچەکیان لا گەڵاڵە بێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color