گرنگ

حکومەتی عێراق، بۆ یەکەمجار بلۆکێکی نەوتی لە هەرێم وەردەگرێتەوەو دەیداتە کۆمپانیایەکی بیانی

2023-05-26

 
حکومەتی عێراق، بۆ یەکەمجار بلۆکێکی نەوتی لە هەرێم وەردەگرێتەوەو دەیداتە کۆمپانیایەکی بیانی
وەزارەتی نەوتی عێراق، ۱۳ کێڵگەی نەوتی لەسەرتاسەری عێراق بۆ کۆمپانیا بیانیەکان خستەڕوو بەمەبەستی کارکردن تێیاندا و یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکان بلۆکێکی نەوتی هەرێمە و پێشتر حکومەتی هەرێم بەکۆمپانیا بیانیەکانی داوە.
کێڵگەی پەڵکانە یەکێکە لەو ۱۳ کێڵگەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق خستویەتیەڕوو بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان و وەک یەکێک لە کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور لە پارێزگای سەڵاحەدین ناوی بردووە.
پێشتر حکومەتی هەرێم گرێبەستی بۆ دەرهێنانی نەوت و غاز لە کێڵگەکە لەگەڵ کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم بەپشکی ٦۰ لەسەدو و ئۆیڵ سێرچ بەپشکی ۲۰ لەسەد واژۆ کردووە! کێڵگەکە دوو بیری نوێی تێدا لێدرا سەرەڕای ٨ بیری کۆنی پێش ساڵی ۱۹۹۰.
کێڵگەی پەڵکانە جگە لە نەوت یەدەگێکی گەورەی غازی تێدایە و بەهۆی ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە کارکردنی کۆمپانیاکان تێیدا وەستا.
بلۆکی نەوتی پەڵکانە ڕووبەرەکەی ٦۰۰ کیلۆمەتر چوار گۆشەیە، دەکەوێتە سنوری ناحیەی نەوجول و ڕۆژهەڵاتی دووز خورماتوو لە ڕۆژئاوای کێڵگەی کۆرمۆرەوە لە ناحیەی قادرکەرەم.
ناحیەی نەوجول و بەشی زۆری ڕووبەری کێڵگەکە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە و بەشێکی تری ناوچەی بۆشایی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەیە.
لە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق و بڕیاری دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی پاریس بۆ یەکەمجارە حکومەتی عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم بلۆکێکی نەوتی کە بەشی زۆری لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمدایە بۆ کۆمپانیا بیانیەکان بخاتە ڕوو.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color