گرنگ

حکومەت لە ماوەی ساڵێکدا نرخی کارەبا بۆ دەهێندە بەرز دەکاتەوە


 
حکومەت لە ماوەی ساڵێکدا نرخی کارەبا بۆ دەهێندە بەرز دەکاتەوە
کارەبای پریپەید و فرۆشتنی کارەبا بە باڵانس لەهەموو هەرێم جێ بەجێ دەکرێت
لەماوەی ساڵێکدا نرخی کیلۆواتێک کارەبای نشتیمانی بۆ دەهێندە بەرز دەکرێتەوە و سەرەتا لە ۱٥ دینارەوە لە ساڵی ڕابردوو بۆ ۱٨ دینار بۆ هەرکیلۆواتێک زیادکرا و ئێستا کار بۆ جێگیرکردنی نرخی نوێ بۆ ۱٥٦ دیناردەکرێت بۆ هەر کیلۆ واتێک، کە پترە لە دەهێندەی نرخی پێش کارکردن بە پێوەری زیرەک.
دوای نزیک بوونەوە لە تەواوکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا لەهەرێم، وەزارەتی کارەبا دەیەوێت لەگەڵ زیادکردنی نرخی کارەبا تەواوی سیستەمی فرۆشتنی وزەی کارەبا بگۆڕێت بۆ پارەدانی پێشوەختە کە پێی دەوترێت سیستەمی پریپەید و هاوڵاتیان باڵانسی وزەی کارەبا هاوشێوەی باڵانسی مۆبایل دەکڕن و پێش بەکارهێنانی بڕی باڵانسەکە پارەی کارتەکە بۆ حکومەت دەچێت و بەوەش بابەتی قەرزی کارەبا کۆتایی دێت.
سیستەمەکە بریتیە لە هێنانی ئامێرێکی دەستی نوێ کە لەگەڵ پێوەری زیرەک کۆنێکت دەکرێت و هەر هاوبەشێک ئامێرێکی لەو شێوەیەی پێ دەدرێت و لەڕێگای ئەو ئامێرەوە بڕی باڵانس و وزەی بەکارهاتوو دەزانێت.
وەک قۆناغی سەرەتا لە چەند شوێنێکی سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک جێبەجێکراوە و بڕیارە لە ماوەی ساڵێکدا لەهەموو هەرێم جێ بەجێ بکرێت.
تا ئێستا لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێم نزیکەی یەک ملیۆن و ٨۲۰ هەزار پێوەر بەستراون، قۆناغی بەستی پێوەری زیرەک لەکۆتایی نزیک بووەتەوەو بەتەواو بوونی لەهەموو هەرێم پڕۆسەی فرۆشتنی کارەبا بەشێوەی باڵانس دەست پێدەکات.
بەپێی نرخی نوێی کارەبا حکومەتی هەرێم لەکۆی ۳ هەزار مێگاوات کارەبای بەرهەم هاتوو لەهەر کاتژمێرێک ٤٦٨ ملیۆن دیناری دەست دەکەوێت و بۆ ۲٤ کاتژمێر پتر لە ۱۱ ملیار دینار و لەمانگێکدا نزیک دەبێتەوە لە ۳٤۰ ملیار وساڵانە دەکاتە نزیکەی چوار تریلیۆن دینار.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color