گرنگ

بەپێی ئەو بڕگانەی لە یاسای بودجە جێگیرکران، هەرێم نیوەی نەوت و هەموو غازی بەرهەم هاتوو لەدەست دەدات


 
بەپێی ئەو بڕگانەی لە یاسای بودجە جێگیرکران، هەرێم نیوەی نەوت و هەموو غازی بەرهەم هاتوو لەدەست دەدات
کۆمپانیای نەوتی باکور داوای نۆ کێڵگەی هەرێم دەکات
بەپێی بڕگەی ۱۰ لەمادەی ۱٤ لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجە کە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرداوە و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، حکومەتی ناوەند پابەند دەکرێت ڕێگا نەدات حکومەتی هەرێم لە کێڵگەکانی کەرکوک و نەینەوا نەوت بەرهەم بهێنێت. ئەگەر ئەو بڕگەیە دەنگی پێویست بهێنێت ئەوا بەپێی یاسا ڕێگری لەبەرهەم هێنانی نەوت و غاز لە نۆ کێڵگەی ژێر کۆنترۆڵی هەرێم دەکرێت و کێڵگەکان ڕادەستی کۆمپانیای نەوتی باکور دەکرێن.
داواکەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە ئەو کێڵگانە دەگرێتەوە لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ەوە کەوتونەتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم کە بریتین لە کێڵگەکانی خوڕمەڵە و جەستان و گوێر و کۆرمۆر و شێخان و باشیک و عەین زالەو تازەو پەڵکانە.
پێشتر کۆمپانیای نەوتی باکور سکاڵایەکی دژی هەرێم لە دادگای کەرکوک تۆمار کردبوو بۆ گێڕانەوەی کێڵگەکانی کۆرمۆر و خوڕمەڵەو جەستان. ئێستا سکاڵاکە لە قۆناغی دادبینیدایە لە دادگای کەرخ.
جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە بەو بیانوەیە ئەو کێڵگانە دەکەونە دەرەوەی سنوری پێش ۲۰۰۳ی هەرێم و سەربە کۆمپانیای نەوتی باکورن.
ئەو کێڵگانەی حکومەتی بەغدا داوای دەکاتەوە لە گەورەترین کێڵگەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمن و جگە لە کێڵگەکانی عەین زالە و گوێر کە داهاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لە دەرەوەی بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمە هەردوو کێڵگەی پەڵکانە و تازە لە نێوان قەزای دووز و ناحیەی قادرکەرەمی قەزای چەمچەماڵ بەهۆی ڕووداوە ئەمنییەکانی دوای ڕیفراندۆم و ۱٦ی ئۆکتۆبەر کارکردنی تێدا ڕاگیراوە.
کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، تاکە کێڵگەی بەرهەمهێنانی غازە لە هەرێم و لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین غازی تێدا بەرهەم دێت کە ڕۆژانە سەرووی ٥۰۰ ملیۆن پێ سێجایە. جگە لە بەرهەمی ۲۰ هەزار بەرمیل نەفتاو هەزار و ۱۰۰ تەن ڕۆژانەی غازی LPG. کێڵگەکە سەرچاوەی ۷۰ لەسەدی کارەبای ماڵان و هەموو غازی LPG هەرێمە.
کێڵگەی خوڕمەڵە، گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمە و ڕۆژانە نزیکەی ۱٥۰ هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت لەلایەن کۆمپانیای کارەوە. کێڵگەی جەستانیش بەستراوە بەخوڕمەڵەو و لە بنەڕەتدا خوڕمەڵە درێژکراوەی کێڵگەی کەرکوکە.
کێڵگەی شێخان، سێیەم کێڵگەی نەوتی هەرێمە دوای خوڕمەڵەو تاوکێ و بەرهەمی ڕۆژانەی سەروی ٥۰ هەزار بەرمیل نەوتە و لە بنەڕەتدا سەربە پارێزگای نەینەوایە هەرچەندە حکومەتی هەرێم وەک پارێزگای دهۆک مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
کێڵگەی باشیک بەرهەمی ڕۆژانەی هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە دەکەوێتە ناحیەی باشیکی پارێزگای نەینەوا.
هەر پێنج کێڵگەی کۆرمۆر و خوڕمەڵەو جەستان و شێخان و باشیک پێکەوە پتر لە ۲۲۰ هەزار بەرمیل نەوت و نەفتا بەرهەمیان هەیە کە نزیکەی ٥۰ لەسەدی بەرهەمی نەوتی هەرێم دەکات و هەموو غازی بەرهەم هاتوی هەرێم لە کێڵگەی کۆرمۆرەوەیە.
بەپێی داواکاریەکەی بەغداد هەرێم نیوەی نەوتی بەرهەمهێنرا و هەموو غازی بەرهەمهێنراوی هەرێم لەدەست دەدات و نۆ کێڵگە لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێم نامێنێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color