گرنگ

قەبارەی گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە دەروازەکانی هەرێم مانگانە نزیکەی ۱۰۰ ملیۆن دۆلارە


 
قەبارەی گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە دەروازەکانی هەرێم مانگانە نزیکەی ۱۰۰ ملیۆن دۆلارە
ساڵی ڕابردوو ئاڵۆگۆڕی بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران و تورکیا و سوریا ۱٦ ملیار دۆلار زیاتر بووە
ئەگەر بەر لە قاچاخچێتی و لێخۆشبوونی گومرکی بگیرێت داهاتی دەروازەکان لە مانگێکدا ۳۰۰ ملیار دینار تێدەپەڕێنێت
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی ستۆپ، لە هەموو دەروازەکانی هەرێم کۆمپانیای حزبی هەیە و بە بیانووی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن، لەکاتێکیشدا کە ٨ جۆر هێزی جۆراو جۆر پاسەوانی دەروازەکانی هەرێم دەکەن، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی حیزبی هێزەکان تا ئێستا نەتوانراوە قاچاخچێتی کۆنترۆڵ بکرێت .
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ستۆپ کە بۆ بوار نێردراوە، لەهەموو دەروازەکان کۆمپانیا هەیە پارەی دڵنیای وەردەگرێت، بەڵام لەحاڵەتی ڕوودانی ڕووداو کەس قەرەبوو ناکرێتەوە و تەعقیم لەکاتی پەتای کۆرۆنا دانرا سەرەڕای ئەوەی تەندروستی ئاماژەی بەوەداوە لە ئێستادا پێویست نییە، بەڵام هەر ماوە و کۆمپانیاکان بەبێ ئەوەی خزمەتگوزاریەکی ئەوتۆ پێشکەش بکەن زۆرترین پارە دەبەن و لە زۆر باردا کۆمپانیاکان لەحکومەت زیاتر داهاتیان دەست دەکەوێت.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، ڕێگاکان بریتین لە پارە وەرگرتن بەناوی دڵنیایی و مەنەفێست و ترانزێت و ڕاگەیاندنی گومرکی و گەراجانە و چێک کردنی کاڵا و گەشتیاری و دروست کردنی تابلۆ و پشکنین و سۆنەر و ڕێکخستنی ئۆتۆمبێل و کوالێتی کۆنترۆڵ و تەعقیم و سکویریتی .
راپۆرتەکەی رێکخراوی ستۆپ گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە یەکێک لە فێڵەگەورەکان قاچاخی ترانزێتە کە بریتییە لەو بارانەی دێنە هەرێمەوە و بۆ وڵاتی سێیەم دەڕۆن و تەنها بەهەرێمدا تێپەڕ دەبن و ۲۰لەسەدی گومرکی ئەو بارانە دەدەن کە بۆ هەرێم دێن و بەشێک لە بازرگانان بار بەناوی ترانزێتەوە دەهێنن بە پشتیوانی بەرپرسان لەبەر ئەوەی گومرکی کەمترە .
باس لە ئەوەش کراوە، لێخۆشبوونی گومرکی و سود وەرگرتنی خراپ لەیاسای ژمارە ٤ی ساڵی ۲۰۰٨ی وەبەرهێنان بۆ لێخۆشبوونی گومرکی یەکێکی ترە لەگرفتەکان و نزیکەی ۲۰ لەسەدی ئەو بارانەی دێنە هەرێمەوە لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت و بەوەش ڕاستەوخۆ داهاتی دەروازەکان ۲۰ لەسەد کەم دەکات .
راپۆرتەکە دەڵێت، ٨ جۆر هێزی جۆراو جۆر پاسەوانی دەروازەکانی هەرێم دەکەن بەهۆی دابەشبوونی حیزبی هێزەکان تا ئێستا نەتوانراوە قاچاخچێتی کۆنترۆڵ بکرێت .
هەر بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ساڵی ڕابردوو ئاڵۆگۆڕی بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران و تورکیا و سوریا ۱٦ ملیار دۆلار زیاتر بووە و ئەگەر بواری کۆمپانیاکان سنوردار بکرێت و بەرلە قاچاخچێتی و لێخۆشبوونی گومرکی بگیرێت چاوەڕوان دەکرێت داهاتی دەروازەکان لە مانگێکدا ۳۰۰ ملیار دینار تێپەڕێنێت و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە مانگانە نزیکەی ۱۰۰ ملیۆن دۆلار قەبارەی گەندەڵی و بەفیڕۆدانە لەدەروازەکانی هەرێم .
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی رابردوو، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە کرد، لە جیاتی ئەوەی خاڵە سنورییەکان سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهات بن، کۆمپانیا گەورەکانی حزب دەستیان خستووەتە بینە قاقایان بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ خۆیان، داهاتی سنورەکان ناچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانی حزب بۆخۆیانی دەبەن.
بە بڕوای عەلی حەمە ساڵح، مەترسییەکی خراپتر لە خاڵە سنورییەکان هەیە ئەویش بازگەکانی نێوان زۆنی سەوز و زەردە کە لەگەڵ هێنانە ناوەوەی هەر ماددەیەکی وەک جگەرە، مریشک، ئاژەڵ، توتنی نێرگەلە و چەندین ماددەی دیکە، پارە وەردەگرن، پارەکەش بۆ فڵان کەس و فڵان حزبە.
ئاماژە بە ئەوەش دەکات، ئەوە ئەرکی حکومەتە چۆن دەبێت بدرێت بە کۆمپانیای حزبی، هەر پارەکەش وەردەگرێت با بۆ خەزێنەی دەوڵەت بێت نەک حزب.
لەلایەکی دیکەوە، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگ لە هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، 85%ی داهاتی دەروازەكان دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەت، داهاتی دەروازەكان دووەم سەرچاوەی داهاتی هەرێمن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەئەوەشکردووە، بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی عێراق باشترە، چونكە ئەوان تەنها 10%ی داهاتی دەروازەكانیان بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان 85%ی داهاتی دەروازەكان دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color