گرنگ

ماوەی دووساڵە وەزیری كشتوكاڵ هاوردەكردنی مریشكی بەستوی قەدەغە كردووە، بەڵام جێبەجێناكرێت


 
ماوەی دووساڵە وەزیری كشتوكاڵ هاوردەكردنی مریشكی بەستوی قەدەغە كردووە، بەڵام جێبەجێناكرێت
بوار، تایبەت
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی پارێزگاكانی سلێمانی‌ و هەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەكات وەزیری كشتوكاڵ ماوەی دوو ساڵە بەبڕیارێك هاوردەكردنی مریشكی بەستوی لە دەرەوە قەدەغە كردووە، بەڵام هەندێك لایەنی پابەند نابن بەو بڕیارەوەو بەردەوام مریشكی بەستوو هاوردە دەكرێت ئەوەش زیانی بەخاوەن كێڵگەپەلەوەرییەكان گەیاندووە.
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی بە بواری ڕایگەیاند: وەزیری كشتوكاڵ ماوەی زیاد لە دوو ساڵە هاوردە كردنی مریشكی بەستوی قەدەغە كردووە، بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەنی پەیوەندیدار ئەو بڕیارە جێبەجێ ناكەن. بەردەوام ڕۆژانە مریشكی بەستوو لە بازاڕەكانی شارو شارۆچكەكانی هەرێم دەفرۆشرێت، كە بەهای خۆراكی مریشكی بەستوو بەڕێژەی لە ٢٠% دەمێنێتەوە، لە كاتێكدا مریشكی زیندوو لە ٩٥% بەهای خۆراكی دەمێنێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیانێكی زۆر بۆ خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە بەردەوام جەخت دەكەینەوە لەسەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و پشتیوانیكردن لە كەرتی بەرهەمهێنانی بەروبومە خۆماڵییەكان، بەو پێیەی پەلەوەر توانیویەتی پێداویستی ناوخۆیی بەزیادەوە پڕ بكاتەوە، بەڵام هەتا ئێستا پشتیوانیمان ناكرێت تا بتوانین بەردەوام بین‌و توشی زیانی زۆر نەبین بۆ بەردەوام بوونمان لە زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، لە ئێستادا هەر كیلۆیەك مریشك لەناو هۆڵی كێڵگە پەلەوەریەكاندا بەدوو هەزارو ۱٠٠ دینارە، بەڵام هەر كیلۆیەك سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن پڕۆژە دەكەوێت كە هەر كیلۆیەك زەرەری هەزار دینارە بۆ خاوەن پڕۆژە.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، پێداچوونەوە بەهاوردەی مریشكی بەستوو بكەنەوەو ڕێگە نەدەن بەقاچاغ‌و بەبێ باج بهێنرێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان لە زیانێكی گەورەدان، بەڵام حكومەتی هەرێم هەتا ئێستا هیچ جۆرە هاوكارییەكی نەكردوین، لە كاتێكدا ئێمە ئاسایشی خۆراكمان دروستكردووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color