گرنگ

هاوڵاتییەکی پاکستانی، لە پێنجوێن دەکوژرێت


 
هاوڵاتییەکی پاکستانی، لە پێنجوێن دەکوژرێت
چەند شەوێک بەر لە ئێستا ئۆتۆمبێلێک، کە حەوت هاوڵاتی پاکستانی و شۆفێرێکی کورد سەرنشینی بوون بەقاچاخ لە گوندی هەنگەژاڵی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دێنە سنوری هەرێم. لە نزیک مەرزی سەیران بەن، دەگەنە سنوری قەزای پێنجوێن و لە نزیک گوندی کانی زەڵ لەقەزای پێنجوێن لەلایەن مەفرەزەیەکی هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێدەکرێت. کە تا ئێستا ڕوون نیە ئاسایش یان پاسەوانی سنور بوون تەقەیان کردووە. لە ئاکامدا ئۆتۆمبێلەکە وەردەگەڕێت. لە ئاکامی تەقەکردن لە ئۆتۆمبیلەکە هاوڵاتیەکی پاکستانی گیان لە دەست دەدات.
لە کاتی تەقەکردن و وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکە، پاکستانییەکان هەڵدێن.
دوای ڕووداوەکە لەشوێنێکی سەر سنور لە نزیک گوندی کانی زەڵ و دەروازەی سەیرانبەن هاوڵاتییە پاکستانیەکان تەرمی هاوڕێکەیان بەخاک دەسپێرن. دواتر ڕووداوەکە بەهۆی جێهێڵانی ئۆتۆمبیلەکەو گوندنشینانی سنورەکەوە بڵاو دەبێتەوە. هێزێکی ئاسایشی پێنجوێن دەچنە سەر گۆڕی هاوڵاتیە پاکستانیەکە لەنزیک سنور و تا ئێستا ڕوون نیە شۆفێرە کوردەکە و شەش پاکستانیەکەی تر هەڵهاتوون بۆ ئێران یان لە ناوچەکە ماونەتەوە.
دوای ڕوداوەکە ئاسایش و پاسەوانی سنوور، ڕێ و شوێنی توند دەگرنە بەر و گومان دەکەن چەند گروپێکی تری پاکستانی لە پێنجوێنەوە بیانەوێت بەقاچاخ بێنە هەرێم.
تا ئێستا هیچکام لە ئاسایشی پێنجوێن و فەرماندەی پاسەوانی سنور بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەیان هەڵنەگرتووەو دەزگا ئەمنییەکان هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەسەر ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.
پێش چەند ڕۆژێک، ۱٨ هاوڵاتی پاکستانی لە دەربەندیخان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران و دانیان بەوەدا ناوە کە لە سنوری پێنجوێنەوە هاتونەتە ناو خاکی هەرێم ویستویانە بەبیانوی سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق بمێننەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color