گرنگ

سەعید کاکەیی: لە ساڵی 2018 نزیکەی 280 هەزار ناوی مردوو لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمدا هەبوو


 
سەعید کاکەیی:
لە ساڵی 2018 نزیکەی 280 هەزار ناوی مردوو لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمدا هەبوو
دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا دڕێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستوری بووە، هەموو ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی هەرێم هەڵوەشێنرانەوە کە لە ماوەی درێژکردنەوەکەدا دەرابوون، لەوانە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم. بۆیە لە ئێستا پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئەرکی ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم هەستێت، ئەمەش ئەو پرسیارە دەهێنێتە ئاراوە کە کۆمسیۆنی حکومەتی ناوەندی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ڕێکدەخات؟
سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وەڵامی چەند پرسیارێک لەو بارەیەوە دەداتەوە.
دەنگی ئەمەریکا: ئێستا چ کۆمیسۆنێک دەبێت هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوەببات؟
سەعید کاکەیی: بە حوکمی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا وەکو قەوارەیەکی سیاسی ناسراوە، هەروەها بە حوکمی ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەستەیەک یاخود دامەزاوەیەکی شەرعی نییە هەڵبژاردن بەڕێوەببات و سەرپەرشتی بکات، بۆیە تاکە دەزگایەک کە بتوانێت بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکات کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقه.
دەنگی ئەمەریکا: دەبێت کێ داوا لە کۆمیسۆن بکات هەتا دەستبەکاربن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم؟
سەعید کاکەیی: دوو حاڵەت هەیە، یەکەم چونکە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی نەماوە، بۆیە پەرلەمانی هەرێم بۆی نییە داوا لە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لێرەدا حکومەتی کاربەڕێکەر هەیە بەپێی ئەو یاسا بەرکارەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی نییه ئەو داوایە لەکۆمسیۆن بکات،‌ بەڵکو سەرۆکی هەرێم بۆی هەیە بە حوکمی ئەوەی سەرۆکی هەرێمیش لە ماوەیەکی کەمدا ئەویش دەخرێتە خانەی کاربەڕێکەرەوە، بۆیە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێم دەتوانێت ئەو داوایە لە کۆمیسیۆن بکات، بەڵام ئەگەر کەوتە دواتر ئەو کاتە ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە داوایەک ئاڕاستەی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ هەستان بە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان.
دەنگی ئەمەریکا: ئەو ماوەیە یاساییە چەندە کە لە بەردەم سەرۆکی هەرێمە بۆ داواکردنی لە کۆمسیۆنی عێراق؟
سەعید کاکەیی: لە ماوەی دوو هەفتەدا لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگاوە پێویستە سەرۆکی هەرێم ئەو داوایە بکات لەو باوەڕەدام ئەوەیان تاوتوێ کردووە، چونکە ڕۆژی چوارشەممە (31 ی مانگی پێنج) سەرۆکی هەرێم پەیوەندی کردووە بە کۆمیسیۆنەوه،‌ هەر ڕۆژی پێنجشەممە (1 ی مانگی شەش) بەیانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق دکتۆر فوئاد حسێن چووە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دانیشتووە و پرسی هەڵبژاردنیش یەکێک بووە لە پرسە سەرەکییەکان.
دەنگی ئەمەریکا: بۆچی وەها دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان ڕازی نییە کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوەببات؟
سەعید کاکەیی: هەموو حزبەکان چونکە شەرعیەتی دەستورییان لەدەستدا لە ناو چوارچێوەی پەرلەمان و حکومەتەکەش بوو بە حکومەتی کاربەڕێکەر، بە هەردوو بەشی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێمیش، لەبەر ئەوەی بڕیاری دادگاش بڕیارێکی کۆتایە و پێداچوونەوەی بۆ نییە و پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە هیچ دەرچەیەکی تر لە پێش حکومەتی کاربەڕێکەر نییە تەنها ملکەچ بوون نەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، هەڵبەتە دادگای باڵای فیدراڵی داوای لە کۆمیسیۆن کرد ئایا ئامادەیە یان نا؟ کۆمیسیۆن وتبوویان ئەوان ناتوانن لە یەک کاتدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژادنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن، بەڵام خۆدەکرێت لە دوو کاتی جیاوازدا .
دەنگی ئەمەریکا: ئەگەر کۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی لە هەرێم ئەنجام دا دەبێت حکومەتی هەرێم یان عێراق بودجەی هەڵبژاردنەکە تەرخان بکات؟
سەعید کاکەیی: خۆی ئەرکە لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئەو پارەیە تەرخان بکات، دەتوانرێت ڕێککەوتنیش بکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقدا باوەڕناکەم لە 50 ملیار دینار زیاتری تێ بچێت، چونکە بە حوکمی واقیعە سیاسیەکە تەنها سێ پارێزگایە، وە لە هەرێم دەستەی کۆمسیۆن هەیە کە سەرپەرشتی نوسینگەی هەر سێ پارێزگاکە دەکات ئەم دەستەیە وەکو نوسینگەی نیشتمانی کۆمسیۆنە لە بەغداد کە نەک تەنها نوێنەرایەتی بکات، بەڵکو ئیدارەی پرسەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات.
تۆماری دەنگدەران
دەنگی ئەمەریکا: ئایا جیاوازی لە نێوان تۆماری دەنگدەرانی هەرێم و عێراقدا هەیە؟
سەعید کاکەیی: بەڵێ جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە، جیاوازییەکە لە سەرووی نیو ملیۆن دەنگە، واتە ئەوەی هەرێمی کوردستان نیو ملیۆن دەنگدەری لە تۆماری دەنگدەرانی عێراق زیاترە، بێگومان ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان کە هەرێم ڕازی نییە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەببات، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە لیستی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستاندا پاک نییە، چونکە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەو لیستە پاک نەکراوەتەوە واتە ناوی مردووەکانی لێدەرنەهێنراوە و ناوی ئەو کەسانەشی بۆ زیاد نەکراوە کە تەمەنی 18 ساڵیان تەواوکردووە، من کاتی خۆی لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێمدا دانیشتم و بە سی‌دی ئەو زانیاریانەم لێوەرگرت، ناوی مردووەکانم بردمەوە بۆ بەغداد لە بەغدادیش پاکنووسی ناوی مردووەکانمان کرد کە نزیکەی 280 هەزار ناو بوون لەساڵی 2018.
دەنگی ئەمەریکا: بۆچی کۆمسیۆنی هەرێم پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەنجام نادات، ئایا ئەمە کارێکی قورسە؟
سەعید کاکەیی: نەک تەنها قورسه نییە، بەڵکو کارێکی زۆر ئاسانە، بەڵام هەژموونی سیاسی حزبە گەندەڵ و ستەمکارەکان بەسەر کۆمسیۆندا ڕوون و ئاشکرایە، بۆیە ئەو کۆمسیارانەی کە لە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ئەو ئەنجومەنە وابەستەیە بە حزبەکانەوە دابەشکراوە، بۆ نموونە پارتی 3 و یەکێتی 2 و گۆڕان 2 و یەکگرتوو 1 دابەشکراوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان.
دەنگی ئەمەریکا: بێجگە لە ناوی مردووان ئەو کەسانەی تر کێن کە بە نایاسایی لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمدا هەن؟
سەعید کاکەیی: کوردی ڕۆژئاوا و کوردی ئاوارەکان تەنانەت کوردی ڕۆژهەڵاتیشی تێدایه.
دەنگی ئەمەریکا: ئایا ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بکرێت لە هەرێمیش دەکرێت؟
سەعید کاکەیی: نەخێر لە هەرێم ناکرێت تەنها 15 پارێزگاکەی عێراق دەگرێتەوە، چونکە هەرێم خۆی یاسای هەڵبژاردنی هەیە ئەوە یەکێکە لە سەروەرییەکانی هەرێم خۆی یاسای هەڵبژاردنی هەیە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاسای هەڵبژاردنی هەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
دەنگی ئەمەریکا: ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بکرێت بەکام لیستی تۆماری دەنگدران دەکرێت؟ بە لیستی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم یاخود بە لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق؟
سەعید کاکەیی: ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆماری دەنگدەرانی عێراق دەیکات، چونکە کۆمسیۆن ئەو تۆمارەی هەیە و ئەو تۆمارە بەرقەرارە و داننانێت بەوەی هەرێم، چونکە ئەو تۆمارە هی کۆمسیۆنی هەرێمە، کاتی خۆی کە کۆمسیۆنی هەرێم داوایان لێکردین داتاکانیان پێبدەین، وتمان ئێمە پێتان دەدەین بە فایلی PDF نەوەک دەستکاری بکرێت بە ئەکسڵ پێتان نادەین ئەمە ڕای تایبەتی خۆمە و کۆمسیۆنیش هەر لەسەر ئەو بۆچوونە بوو کە ئێمە داتاکانی خۆمان نەدەین بەو شێوەیە بە کۆمسیۆنی هەرێم چونکە دەستکاری داتاکان دەکرێت.
دەنگی ئەمەریکا: ئایا بۆ هەموو هەڵبژاردنێک لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق نوێدەکرێتەوە دەکرێتەوە؟
سەعید کاکەیی: وەکو بەشێک لە عێراق لە ناو هەرێمدا سێ نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە نووسینگەی سلێمانی و نووسینگەی هەولێر و نووسینگەی دهۆک، ئەم سێ نووسینگەیە داتای دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان لایە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو داتایانە بەکاردەهێنێت نەک داتای دەزگایەکی سەر بە هەرێم، چونکە ئەو داتایانەی کە لای نووسینگەکانی کۆمسیۆنی عێراق هەیە ئەوانە موڵکی کۆمسیۆنن و بەپێی ئەو داتایانە هەڵبژاردن دەکات، بەردەوام ئەو داتایانە ئەپدەیت دەکرێتەوە و لە ئێستادا تیمە گەڕۆکەکانی کۆمسیۆن دەگەڕێن بۆ ناونووسکردن و تازەکردنەوەی زانیاری ئەو دەنگدەرانەی کە زانیاریەکانیان تازە نەکردووەتەوە و کارتی بایۆمەتریان بۆ دەرنەکراوە، هەفتانە ئەم زانیاریانە ئەپدەیت دەکرێتەوە لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوه.
بۆ وەرگرتنی بۆچونی کۆمسیۆنی عێراق لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم، دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی کرد بە ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.‌
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color