گرنگ

دواى ده‌رچوونى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى پێویسته‌ په‌ڕله‌مانتاران چه‌ند بڕه‌ پاره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌؟


 
دواى ده‌رچوونى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى پێویسته‌ په‌ڕله‌مانتاران چه‌ند بڕه‌ پاره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌؟
هه‌ر په‌ڕله‌مانتارێك له‌ماوه‌ى 7 مانگدا چه‌ند پاره‌ى به‌ نایاسایى وه‌رگرتووه‌؟
له‌ دواى ده‌رچوونى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى پێویسته‌ په‌رله‌مانى كوردستان چى بكات؟
بوار، تایبه‌ت
بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی خوڵى پێنجه‌مى پەرلەمانی كوردستان لە (6/11/2022)ەوه‌، هەموو ئەو كارانەی پوچەڵ كردۆتەوە كە پەرلەمان لەو رێكەوتە بەدواوە كردوونی، وەك: درێژكردنەوەی تەمەن، سوێندخواردنی ئەندامانی تازە، دەركردنی یاساو بڕیار، ئیمتیازی پەرلەمانتاران، هەر هەموویان دەبێ هەڵوەشێنەوە.
دواى چه‌ند رۆژێك له‌ ده‌رچوونى بڕیاره‌كه‌، پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە كە لە دژی دەرچووەو كۆتایی بەتەمەنی خولەكەی هێناوە! نە قبوڵی كردووەو نە رەتی كردۆتەوە. سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كەوتوونەتە سوڕی متبوون و بێدەنگییەوە كە شەرمێكی سیاسیی گەورەیە، ئەگەر دادگا غەدری لێكردوون دەبێ رەتی بكەنەوە، ئەگەر غەدریش نییە دەبێ بەفەرمی پێشوازی لێبكەن و رێكارەكان دەست پێبكەن.
به‌پێى یاداشتێكى ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، تاكە رێگە لە بەردەمی پەرلەماندا جێبەجێكردنی بڕیارەكەو دەست پێكردنی هەنگاو و رێكارەكانە، ئەركی سەر شانیانە بۆ راستكردنەوەی خەمساردی و پێشێلكاری و ئەو هەڵانەی كردیان، تا رەوشەكە لەوە ئاڵۆزتر نەكەن، بۆ ئەوەی تەنگژەو قەیرانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان نەخولقێنن و هەرێم رووبەڕووی كێشەی زیاتر نەكەنەوە. كێشەی زیاتر بۆ موچەو بودجەی خەلكی كوردستان دروست نەكەن، لێرەوە بوەستن و بەردەوام نەبن لەسەر ئەو پێشێلكاری و كارە ناپەیڕەویانەی كردوویانە، دواجار هەوڵی هێنانەوە سەر رێچكەی ئاسایی و یاسایی دامەزراوەكانی هەرێم بدەن، پەیوەست بن بە بڕیارەكەی دادگا و یاساكانی خۆیانەوەو ئەم هەنگاوانە بنێن:
1-پەرلەمانی كوردستان لە (6/11/2022)ەوە تەمەنی یاسایی بەسەر چووە، دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامەكانی لەو رێككەوتەوە هیچ سیفەتێكی پەرلەمانییان نەماوە. ئەوەی لە پەرلەماندا سیفەتی یاسایی هەبێت و كارە كارگێڕییەكانی ناو دامەزراوەكە رایی بكات تەنها سەرۆكی دیوانە.
2- لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم ئەندامان سەردانی پەرلەمان بكەن، دوای دەستلەكار ترازانیان وەك ئەندامی پەرلەمان، ئەوانەی خوازیارن خانەنشین بكرێن لەلایەن سەرۆكی دیوانەوە نوسراویان بۆ بكرێت بۆ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی بۆ رایی كردنی مامەڵەكانیان، ئەوانەشی نایانەوێت خانەنشین بن نوسراویان بۆ بكرێت بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشوویان.
3-لە ئەگەرێكدا پەرلەمان ئەو نوسراوەی نەكرد، پێویستە لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو پەرلەمانتارانەی پەرۆشی چاكسازی و سەروەریی یاسان، خۆیان بەتاك دوای مامەڵەكانیان بكەون و بەپێی یاسا ئەنجامی بدەن.
4-لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامان پێویستە پەیوەست بن بە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە ئەم خولەی پەرلەمان خۆیان دەریانكردووە، یاساكە لەسەر خۆیان جێبەجێ بكەن و پێشێلی نەكەن، لە دوای (6/11/2022)ەوە لە وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتەكانیان پەیوەست بن بەیاساكەوە، لەو رێككەوتەوە بە خانەنشین هەژمار بكرێن و جیاوازی موچەكانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چونكە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ماوەی حەوت مانگ موچەی زیادەیان وەرگرتووە. سەبارەت بەوانەش كە لە چەند مانگی رابردوودا خانەنشین كراون، ئەوانیش خۆیان بەدوای مامەڵەكانیانەوە بن بەپێی یاسای چاكسازی.
5-ئەوانەی لە دوای رێكەوتی (6/11/2022)ەوە بۆ جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان لە ماوەی نادەستوریبوونی پەرلەماندا سوێندیان خواردووە، بەپەرلەمانتار هەژمار ناكرێن و هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، بۆیە بەزووترین كات نوسراویان بۆ بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ سەر كاری پێشویان.
6-بەپێی یاسا كاتێك پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن موچەی شەش مانگیان وەك ئیكرامیە پێدەدرێت كە بڕی (52.000.000) پەنجاو دوو ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی بار قورسی لەسەر ئەندامان دروست نەبێت، پێشنیار دەكەین ئەو بڕە پارەی بەزیادەوە لە موچە وەریانگرتووە لەو ئیكرامیەیە لێیان بگێڕدرێتەوە. ئەمە لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێر و (😎 ئەندامی تر بەهۆی ئەوەی لە خولەكانی پێشوو پەرلەمانتار بوونە، ئیكرامیەیان وەرگرتووەو بەپێی یاسا لەم خولەدا ناتوانرێت دووبارە بۆیان خەرج بكرێتەوە.
7-لە نزیكترین ماوەدا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خانو و شوقەكانی پەرلەمان رادەست بكەنەوە تا لە ئێستاوە بۆ ئەندامانی خولی شەشەم نۆژەن بكرێتەوەو ئامادە بكرێت.
8- ئەركی هەریەك لە دامەزراوە فەرمیەكانی وەک: (دیوانی چاودێری دارایی)، (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی)ییە كە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆسەكە بكەن، بۆ ئەوەی هەم یاسای چاكسازی پەرلەمان و هەم بریاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە ئیمتیازی پەرلەمانتاران جێبەجێبكرێت.
وردەكاری خەملاندنی موچەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان
ئینستیوتی پەی بۆ چاودێری کارەکانی پەرلەمان، لە ڕاپۆرتێکیدا بڕی ئەو بودجەیەی خستووەتەڕوو کە لەو خولەدا بۆ پەرلەمانتاران خەرجکراوە.
بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە هەمان ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم خولەی ئێستا پەسەندیان كردووە، لە دوای (6/11/2022)ەوە وەك موچە وەریانگرتووە، پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، خۆی لەم بڕگانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
1-ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بریتین لە سێ كەس، بڕی موچەكانیان مانگانە: (سەرۆك: پانزە ملیۆن دینار)، (جێگری سەرۆك: سیانزە ملیۆن دینار)، (سكرتێر: یانزە ملیۆن دینار)، ئەم سێ بەرێزە گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیان تەواوەو سەرجەم موچەی خانەنشینی وەربگرن، ئینجا موچەكانیان دەبێت بە نیوە. واتە بۆ هەر مانگێك: (سەرۆك: حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، (جێگر: شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) و (سكرتێر: پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) بگێڕنەوە، كە بۆ حەوت مانگ (سەرۆك: پەنجاو دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، (جێگر: چل و پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) و (سكرتێر: سی و هەشت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، بەمەش كۆی ئەو بڕە پارەی هەرسێكیان بۆ حەوت مانگ بە زیادە وەریانگرتووە دەبێ بیگێڕنەوە، دەكاتە (136.500.000) سەد و سی و شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار.
2-موچەی ئەندامان كە مانگانە (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی (51) ئەندامن كە تەمەنیان (45) ساڵ بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەوانە هەر هەموویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوەو دوا موچەكەش وەربگرن، موچەی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 50% كە بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینارە، واتە هەر یەكێكیان دەبێ بۆ هەر مانگێك بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەمەش هەر ئەندامێك بۆ حەوت مانگ دەبێت (28.700.000) بیست و هەشت ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار بگێڕێتەوە، واتە بە تێكڕای (51) ئەندامەكە بۆ حەوت مانگ دەبێت (1.463.700.000) یەك ملیار و چوار سەد و شەست و سێ ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە.
3-ئەو ئەندامانەی نەگەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، واتە لە خوار (45) ساڵەوەن، ژمارەیان (49) ئەندامە، موچەی مانگانەیان (8.200.000) هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، موچەی خانەنشینی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 25% كە بڕی (2.000.000) دوو ملیۆن دینارە لە مانگێكدا، بەپێی ئەمەش دەبێت مانگانە (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، واتە هەر یەك لەو ئەندامانە بۆ هەر حەوت مانگ دەبێت (43.400.000) چل و سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕێتەوە. بەمەش كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەر (49) پەرلەمانتارەكە بۆ حەوت مانگ بیگێڕنەوە دەگاتە (2.126.600.000) دوو ملیار و سەدو بیست و شەش ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار.
4-ئەو ئەندامانەی كە دوای (6/11/2023) سوێندی یاساییان خواردووە، بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاری نایانگرێتەوە، (6) ئەندامن، یەكێكیان لە (30/11/2023) سوێندی یاسایی خواردووە، بەپێی ئەمەش ناوبراو موچەی شەش مانگی وەرگرتووە بۆ هەر مانگێك (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار، كۆی شەش مانگی دەكاتە (49.200.000) چل و نۆ ملیۆن و دووسەد هەزار دینار، پێنج ئەندامەكەی تریش لە (15/3/2023) سوێندی یاسایان خواردووە، واتە هەریەكەیان موچەی دوو مانگ و نیویان وەرگرتووە كە كۆی موچەی هەریەكێكیان لەو ماوەیەدا دەكاتە (20.500.000) بیست ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار، كۆی ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش پەرلەمانتارە دەبێت بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی بریتیە لە (151.700.000) سەد و پەنجاو یەك ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار.
5-ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە (1/3/2023) لە پەرلەمان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، كە پێنج ئەندام بوون، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. هەر پێنج ئەندامەكەی یەكگرتوو گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیشیان تەواو بێت و باڵاترین موچەی خانەنشینی وەربگرن، هێشتا دەبێت مانگانە هەر یەكێكیان (4.100.000) چوار ملیۆن و دووسەد هەزار بگێڕێتەوە، كە كۆی گشتی ئەو بڕەپارەیەی بە هەر پێنجیان دەبێت بیگێڕنەوە خەزێنەی گشتی بریتیە لە (84.000.000) هەشتاو چوار ملیۆن دینار.
6-هەریەكە لە پەرلەمانتاران (كازم فاروق) و (عەلی حەمە سالح) كە لە (1/3/2023) نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. ناوبراوان هیچ كامیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، بۆیە هەریەكەیان مانگانە دەبێت (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، واتە هەر یەكەیان (18.600.000) هەژدە ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەپێی ئەمەش بە هەردووكیان و ماوەی سێ مانگ دەبێت (37.200.000) سی و حەوت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
7-بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو حەوت مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.999.700.000) سێ ملیار و نۆسەد و نەوەت و نۆ ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار.
8-ئەم بڕە پارەیەی دەستنیشانكراوەو پێویستە بگەڕێتەوە تەنها خەمڵێنراو و گریمانەیە، چونكە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەپێی یاسای چاكسازی بچینە ناو وردەكارییەوە، بەشێكی زۆرتر لە ئەندامان مەرجی خزمەتیان تەواو نییە و ئەو موچەی بۆ خانەنشینی ئێمە لێرەدا گریمانەمان بۆ كردووە كەمتر دەبێتەوە.
9-لە حالەتی خەرجكردنی موچەی مانگی حوزەیران كە تا ئێستا نەدراوە، ئەگەر بۆ پەرلەمان خەرج بكرێت، ئەو كاتە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، كە موچەی زیادەی مانگێكی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران دەكاتە (581.600.000) پێنج سەدو هەشتاو یەك ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار، بەپێی ئەمەش ئەو كاتە بڕی (4.581.300.000) چوار ملیار و پێنجسەد و هەشتا و یەك ملیۆن و سێسەد هەزار دینارە بە نایاسایی بەهەدەر دەچێت، كە پێویستە بگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
10-هەندێك لەو ئەندامانەی ناڕازیبوون لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێشتر لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لێدوانیان دابوو كەوا لەدوای (6/11/2022)ەوە موچەكەیان وەرنەگرتووە، ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی هیچ بەڵگەیەكی فەڕمیمان لەبەر دەست نەبووە، هەر بەرێزێك ئەگەر بەڵگەی هەبێت دەكرێ ئاگادارمان بكاتەوە تا بیخەینەروو، بۆ ئەوەی مافی پێشێل نەكرێت.
١١-ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر رایانگەیاندبو گوایە لەدوای (6/11/2022)ەوە مەچەیان وەرنەگرتووە، پرسیارێک دێتە کایەوە ئاخۆ موچەکانیان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی یاخود خراوەتە سەر ئەژمارەکانیان. کە ئەمە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەدواداچونی بۆ بکەن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color