گرنگ

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ: ئێمە ڕێگریی ناكەین لە هاوردەكردنی بەرهەمی جوتیارانی عێراق، نابێت ئەوانیش ڕێگری لە بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بكەن


 
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ:
ئێمە ڕێگریی ناكەین لە هاوردەكردنی بەرهەمی جوتیارانی عێراق، نابێت ئەوانیش ڕێگری لە بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بكەن
بوار، تایبەت
ماوەی چەند رۆژێكە لە بازگەکانی كەركوك ڕیگە نادرێت بەرهەمی سەوزەو میوەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بكرێت ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی و بەمەبەستی ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی پاریزگاكانی عێراقە، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات چۆن ئێمە ڕێگریی ناكەین لە هاوردەكردنی بەرهەمی جوتیارانی عێراق نابێت ئەوانیش ڕێگری لە بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بكەن، هاوكات وەزیری دەرەوە و دادی عێراقیمان لەو بابەتە ئاگاداركردووەتەوە.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بەبواری ڕاگەیاند: وەك وەزارەتی كشتوكاڵ نیگەرانین بەو بابەتەی كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە لایەن بازگەكانی كەركوكەوە ڕێگری دەكرێت لە هەناردەكردنی بەرهەمی سەوزەو میوەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكانی باشوور و ناوەراستی عێراق، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقییە كە ئەو ڕێگرییە دەكرێت. بۆیە وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بەجدی لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە و گرفتی كەمی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران.
ئاماژەی بەوەشكرد، بێگەر تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ پەیوەندی بە هەریەكە لە ( فوئاد حوسێن) وەزیری دەرەوەی عێراق و ( خالید شوانی) وەزیری دادی عێراقی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری كورد كردووە بۆ ئەوەی لای خۆیانەوە هەوڵ بدەن ئەو گرفتە چارەسەر بكەن، چونكە ناكرێت ڕێگری لە بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بكرێت چۆن ئێمە ڕێگریی ناكەین لە هاوردەكردنی بەرهەمی جوتیارانی عێراق نابێت ئەوانیش ڕێگری لە بەرهەمی جوتیارانی هەرێم بكەن.
بەپێی زانیارییەکان، بەشێوەیەکی کاتی کێشەکان لە بازگەکانی سنوری کەرکوک چارەسەر کراوە، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان وا بڕیارە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێڕاق کۆببنەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color