گرنگ

بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە، لاهور شێخ جەنگی ناتوانێت بە ناوی یەکێتییەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات


 
بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە، لاهور شێخ جەنگی ناتوانێت بە ناوی یەکێتییەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات
لاهور شێخ جەنگی، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی لە قەڵەمدا، ناتوانێت بە ناوی یەکێتییەوە لیست بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دروست بکات.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە کارتەکانی لاهور شێخ جەنگی ئەوە بوو بە پشت بەستن بە بڕیاری دادگای ئاسایشی هەولێر، بتوانێت لیستێک بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بکات.
ڕۆژی ٣٠ ئایار، دادگای فیدڕاڵی عێراق، بەهۆی سکاڵایەکی د. یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان، بڕیاری پەرلەمانی کوردستانی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ڕەتکردەوەو سەرجەم ئەو بڕیارو یاسایانەشی لە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراون بە نایاسایی لە قەڵەمداو سەرجەمیان هەڵوەشێندرانەوە.
بەهۆی ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ماوەی یاسایی تەواو بووە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقەوە بە زیانی لاهور شێخ جەنگی دەشکێتەوە. ئەمەش بە هۆی ئەوەی کۆمسیۆن، لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناناسێت و بە پشت بەستن بڕیارێکی دادگای کەرخی بەغدا بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی ناسێندراوە. بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای کەرخیش بێت لاهور شێخ جەنگی ناتوانێت سود لە ناو و لۆگۆی یەکێتی وەربگرێت بۆ هەڵبژاردنەکان.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color