گرنگ

كارەبای ناوبازاڕی سلێمانی بە سیستەمی پریپەید كرایە 24 كاتژمێری و كارەبای مۆلیدە نەما


 
كارەبای ناوبازاڕی سلێمانی بە سیستەمی پریپەید كرایە 24 كاتژمێری و كارەبای مۆلیدە نەما
بوار، تایبەت
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات بە جێبەجێكردنی سیستەمی پریپەید توانیومانە كارەبای نشتیمانی 24 كاتژمێری بۆ ناو بازاڕی سلێمانی دابینبكەین و مۆلیدەكان هەڵگیران، هاوكات بۆ هەر كیلۆواتێك 156 دینار وەردەگیرێت و دوكاندارەكانیش هاوشێوەی یەكەی مۆبایل لە ڕێگەی ئامێرێكەوە بڕی هەرچەندەیان بوێت كارەبا دەكڕن.
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بە بواری ڕاگەیاند: وەك قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی سیستەمی پریپەید توانیومانە كارەبای 24 كاتژمێری بۆ ناو بازاڕی سلێمانی دابین بكەین. لە سەرەتای ئەم مانگەوە مۆلیدەكانی ناو بازاڕ كارەكانیان ڕاگیراوە و كارناكەن، دوكاندارەكان لە ڕێگەی ئامێرێكەوە دەتوانن بڕی پێویست یەكەی كارەبا بەكار بهێنن كە بۆخۆیان بە پارە دەیكڕن هاوشێوەی یەكەی هێڵەكانی پەیوەندیكردن.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی كارەبای پریپەید بۆ هەر كیلۆ واتێك بڕی 156 دینار وەردەگیرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە شەقامی مەولەوی سەنتەرێكی تایبەت بە فرۆشتنی یەكەی كارەبا دادەنرێت. دوكاندارەكان دەتوانن لەو سەنتەرە چەندیان بوێت كارەبا بكڕن، پاشان هاوشێوەی كارتی یەكەكانی مۆبایل لەزۆربەی دوكانەكانی سلێمانی یەكەی كارەباش دەفرۆشرێت و دوكاندارەكان سەرپشكن بڕی چەند كارەبا بەكار دەهێنن.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئامێری (CIU) دراوە بە خاوەن دوكانەكان بۆ پڕكردنەوەی باڵانسی كارەبا و زانینی بڕی بەكارهێنانی كارەباكەیان، لە قۆناغی یەكەمدا دوكانەكانی ناو سەنتەری بازاڕی سلێمانی لە فلكەی مامەڕیشەوە تا دەگاتە فولكەی دەستەكە و پاشان شەقامی قەنات تا نەخۆشخانەی عەلی كەمال پاشان دێتە خوارەوە بۆ خوار فولكەی خانەقا پاشان تا فولكەی مامەڕیشە سەرجەمیان بە سیستەمی پریپەید كارەباكەیان كراوە بە 24 كاتژمێری.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color