گرنگ

وردەکاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەکە


 
وردەکاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەکە
سەر لەبەیانی ڕۆژی ۲ی حوزەیران، بێنوێت دریڤێت ڕۆژنامەنوسی فەڕەنسی و کچە وەرگێڕێکی هاوڕێ لە شاری سلێمانییەوە بەرەو ناوچەی شارباژێڕ بەڕێدەکەون. دەگەنە قەزای ماوەت. لەوێوە بۆ گوندی گەڵاڵە بەڕێدەکەون کە تا ئێستا چەند جارێک تورکیا لە ڕێگەی درۆنەوە بۆردومانی کردووە.
ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسییەکە لە نێوان گوندی قامیش و گەڵاڵە لەلایەن ئاسایشی قەزای ماوەتەوە ئاگادار دەکرێتەوە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و ڕێگای پێنادرێت، بەڵام سور دەبێت لەسەر ڕۆیشتن بۆ گەڵاڵە، پاشان لە گوندی گەڵاڵە ئاسایش ڕێگری لێدەکات، بەڵام بێنوێت سور دەبێت لەسەر ئەوەی بگاتە دۆڵی خەزێنە و دۆڵی کوێرەکانی، کە دوو ناوچەی گوندی گەڵاڵەن و چەکدارانی پژاکی لێیەو دەیەوێت وێنەی ئەو ناوچانە بگرێت کە بۆردومان کراون. کارەکەی ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسییەکە تەنها بریتی دەبێت لە کارێکی فۆتۆگرافی لەسەر بۆردومانی چەکدارانی پژاک بۆ ڕۆژنامەی la corix لا کروای فەڕەنسی، بەڵام ئاسایش خۆی و وەرگێڕەکەی دەستگیر دەکەن. بە دەستگیرکراوی ڕەوانەی ئاسایشی سلێمانییان دەکەن و زیندانی دەکرێت. پاش لێکۆڵینەوە و هاتنە سەر هێڵی ئۆلیڤەر دیکوێنتی کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە ئازاد دەکرێت.
ئاسایش لەڕاگەیەندراوێکدا هۆکاری ڕێگری لە ڕۆژنامەنوسەکە بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە ناوچەکە مەترسیدارەو مەترسی بۆردومانکردنی لەسەرەو لەو کاتەدا درۆنی تورکیا بەئاسماندا سوڕاونەتەوە.
ڕۆژ نامەنوسەکە بەناوی بێنوێت دریڤێت کاری ڕۆژنامەنوسی دەکات و ناوی سەر پەساپۆرتەکەی بێنوێت بنیامین جۆزێفە و ڕۆژنامەنوسێکی فریلانسی فەڕەنسییەو ماوەی چەند ساڵێکە لە عێراق کار بۆ دەزگاکانی ڕادیۆ فرانس و ڕۆژنامەی لاکروا و ئارتی سینفۆ و میدیا پارت دەکات پێشتر بەرپرسی بەشی پەیوەندی هەرێمی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەڕەنسی عێراقی بووە.
دوای ئازاد بوونی کونسوڵخانەی فەڕەنسا لەهەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی گرتنی ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەکەی کرد و دەڵێت نیگەرانین لەو دەستدرێژیە بەردەوامانەی بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی ڕۆژنامەنوسان و ئەمەش نمونەیەکی تری ئەم دەست درێژیەیە.
بێنوێت لەیەکەم کاردانەوەی دوای ئازادکردنی لە تویتێکدا دەڵێت (سوپاسی کونسوڵخانەی فەرەنسا دەکەم بۆ دەستێوەردانەکەی کە لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا ئازاد بووم. ئەوە ئازادی ڕۆژنامەگەرییە کە (دیسانەوە) لە کوردستانی عێراق و لە سلێمانی قەدەغە کراوە و لە کاتی خۆیدا دەگەڕێمەوە سەر ئەم چیرۆکە باوەڕپێنەکراوە.
بێنوێت شوێنی نیشتەجێ بوونی لە هەولێر و بەغدادە. دوای ئازادکردنی لەگەڵ وەرگێڕەکەی گەڕاوەتەوە هەولێر و پێش ئەوەی بێتە سلێمانی لە ۲٦ی مانگی ڕابردوو لە موسڵ بووە.
ڕاپۆرتێکی لەسەر وێرانکاریەکانی موسڵ ئامادە کردووە و ڕۆژی ۱ی ٦ گەڕاوەتەوە هەولێر و پاشان بۆ سلێمانی بەڕێکەوتووە.
بێنوێت شیکەرەوەیەکی باشی دۆخی تورکیایە و لە هەرێم و بەغداوە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکیا شیکردنەوەی بۆ چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی فەڕەنسی کردوە.
دوای ئازاد بوونی ڕۆژنامەی بەناوبانگی فەڕەنسی لۆفیگارۆ هەواڵی دەستگیرکردنەکەی لەلایەن ئاسایشەوە بڵاو کردەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color