گرنگ

كێشە ناوخۆییەكان یەکێتی نیشتمانی دەباتە بەردەم كەناری لەناچوون؟


 
ململانێ لەسەر میراتی تاڵەبانی
كێشە ناوخۆییەكان یەکێتی نیشتمانی دەباتە بەردەم كەناری لەناچوون؟
بوار، عەرەبی جەدید
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان (ئەنجوومەنی پارێزگاکان) لە عێراق، بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوو باڵی "یەکێتی نیشتمانی کوردستان" لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە تایبەتی لە نێوان پافل تاڵەبانی کوڕی دامەزرێنەری حیزبەکە، جەلال تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنکی (برازای جەلال تاڵەبانی) زیاتر دەبێت.
لاهور شێخ جەنگی پێش دەرکردنی لە ریزەكانی یەكێتی هاوسەرۆکی ئەو حزبە بوو، كە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی "یەکێتی نیشتمانی"، لە ساڵی ٢٠٢١ دەركران، ئەمەش دوای ناکۆکییەکی توندی نێوان ئەو دوو بەرپرسە.
ئێستا رۆژ بە رۆژ گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئەو دوو کەسەدا زیاتر دەبێت، ئەوەش بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگی هاووڵاتیانی سلێمانی و دەوروبەری لە کاتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا.
لە دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 2017، حیزبەکە بە هاوبەشی لە نێوان پافڵ تاڵەبانی بە پاڵپشتیی دایکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (هاوسەری جەلال تاڵەبانی) و لاهور شێخ جەنگی، کوڕەزای تاڵەبانی و سەرکردەی چالاکی حیزبەکە بەڕێوەدەبرا، بەڵام لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2021، پافڵ تاڵەبانی سەرکردایەتی کودەتایەکی بەسەر شێخ جەنگی كوڕدا کرد و دەسەڵاتەكانی لێسەندەوە، هەروەها ژمارەیەک سەركردەشی لە حیزبەكە دەركردو پۆستە ئەمنی و سیاسییەكانی لێسەندنەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سلێمانی چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان هەردوو جەمسەری ئەو حزبەدا بەخۆیەوە بینی، ئەوەش دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکان، ئەوەش دوای ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پۆستە گرنگەکانی پارێزگاکەدا، بەتایبەتی لە كاتی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی سەرۆکایەتی "دەزگای زانیاری" و دامەزراوەی " دەزگای تیرۆر" لە سلێمانی.
گەڕاندنەوەی لاهور شێخ جەنگی بۆ هاوسەرۆکایەتی "یەکێتی"
بڕیارێکی دادوەری لاهور شێخ جەنگی گەڕاندەوە بۆ هاوسەرۆکایەتی ئەو حیزبە، کە تا ئێستاش لەلایەن بافڵ تاڵەبانی رەتدەكرێتەوە، کە ئەمەی دووەم لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و باس لەوە دەكات لە هەولێرەوە پاڵپشتی نەیارەكانی لەناو یەكێتی دەكرێت.
یەکێتی كە یەكێكە لە حیزبە دەسەڵاتدارەكان سەنگێکی بەرفراوانی لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، بەڵام بەردەوام دابەشبوون لەو حیزبەداو دابەشبوونی ئێستای نفوزی بافڵ و لاهور ڕەنگە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەو حیزبە.
بەتایبەتی پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەنگی كەمبكات، وەك چۆن بەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی.
لاهور شێخ جەنگی، خاوەنی جەماوەرێكی زۆری یەكێتییە، بەتایبەتی لە چینی گەنجانی حیزبەكە، بۆیە بە پشتبەستن بەو بنكە جەماوەرییە دەیەوێت لە ململانێ لەگەڵ بافڵ بەردەوام بێت و دەنگێكی زۆری حیزبەكە بۆ خۆی بەرێت، بەتایبەتی ئەگەر لیست دروست بكات.
بەپێی زانیارییەكان، لاهور شێخ جەنگی ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بچێتە ناو هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارێزگاکانی عێراق، ئەوەش بە هاوپەیمانی لەگەڵ چەند هێزێكی تر، بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەكی گەورە بەتایبەتی لە پارێزگای كەركوك دروست بكەن.
ئەمە جگە لە رێككەوتن لەگەڵ چەند لایەنێكی تری عێراقی بەتایبەتی لەگەڵ سەركردەی پێشووی ڕەوتی حیکمەت، قوسەی مەحبووبەو چەند كەسایەتییەكی تر.
لاهور شێخ جەنگی، لە هەوڵی ئەوەدایە زۆرترین ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركوك بۆ بەرەكەی بێت، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەكەو بەردەوام بێت لە ململانێ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی.
لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی هەستی بە دابەزینی دەنگەكانی یەكێتی كردووە، ئەمەش وای لێکردووە زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ کەسانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەستپێبکات، ئەمە جگە لە دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی تری رۆشنبیر لە سلێمانی، كە ئامانج لە هەنگاوەكە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو دەنگانەیە، كە رەنگە لە یەكێتی ببێتەوە.
هەروەها لاهور شێخ جەنگی جگە لە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، هەوڵدەدات هاوپەیمانییەكی سیاسی لە کۆمەڵێک حزبی ئۆپۆزسیۆنی سلێمانی دروست بكات، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش ڕکابەری نەیارەكانی بكات.
لەگەڵ ئەوەش دەستیكردووە بە گفتوگۆو رێككەوتن لەگەڵ چەند سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی دیارترینیان سەرۆک كۆماری پێشووی عێراق بەرهەم ساڵحە.
ئێستا پێشبینی ئەوە دەكرێت قۆناغی داهاتووش گرژی و ئاڵۆزیش بێت، بەتایبەتی کە لاهور شێخ جەنگی ڕەتیدەکاتەوە وەك ئەندامێك بگەڕێتەوە سەرکردایەتی ئەو حبزبە، كە چەند جارێك پێشنیازی ئەوەی بۆ كراوە، هەروەها هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە یەكێتی كۆنتڕۆڵبكاتەوەو بافڵ گۆشەگیر بکات، بۆیە دەکرێت ململانێی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کورت بكرێتەوە لەوەی ململانێیە لەسەر میراتی جەلال تاڵەبانی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color