گرنگ

ئەگەری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لاوازە


 
توركیا سوورە لەسەر هەڵوێستەكانی
ئەگەری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لاوازە
بوار، بەغدا
پێناچێت کۆبوونەوەکەی ڕۆژی نۆزدەی ئەم مانگە لەنێوان شاندی عێراق‌و تورکیا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوەش بەهۆی سووربوونی هەڵوێستی توركیا لەو بارەوە.
بەپێی قسەی چاودێران، بەوپێیەی کەش‌و بارودۆخی ناوخۆی تورکیا لەڕووی سیاسییەوە، لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئەو وڵاتە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووەو تائێستاش ئەنقەرە، سورە لەسەر ئەوەی دەبێت نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی بەنرخێکی هەرزان دەستبکەوێت، ئەوە جگە لەمەرجی دەستبەرداربوونی عێراق لەو قەرەبووەی دادگای پاریس بەسەر تورکیایدا سەپاندوە، بۆیە هیچ ئاسۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم نییەو ئەگەری رێككەوتن لاوازە.
هەر بەقسەی چاودێران، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەن، حکومەتی عێراق لەدوای پەسەندکردنی بودجەی گشتی فیدراڵیی، نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکاربهێنێت‌و هەناردەی دەرەوەی نەکاتەوە.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە25ی ئایاری ڕابردوو، لەدوای بڕیارێكی دادگای پاریس ڕاگیراوە، ئەوەش بە بڕیاری توركیا، دوای ئەوەی دادگاكە لە بەرژەوەندی عێراق بڕیارێكی لە دژی ئەنقەرەدا.
پێشتریش یاسم محەمەد عەبادی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان ڕاگەیاندبوو، ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکیا کراوە ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە لەبەغدا كۆبوونەوەیەك بۆ تاووتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەكرێت و ئەو پرسە یەكلادەكرێتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color