بوار:
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی ڕۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی پێشبینیکراو لەلایەن ئەو هێزە ئەمریکییانەی ئێستا لەسەر سنووری عێراق و سوریا جێگیرکراون راگەیاند.
بەپێی ئاژانسەكە، ئاماندی ئۆپەراسیۆنەكە بۆ بڕینی پەیوەندیی وشکانی نێوان ئێران، سوریا و لوبنان لە ڕێگەی عێراقەوە گەڕاندەوە.
هەر بەپێی ئاژانسەكە، كە زانیارییان لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستکەوتووە، بۆیان پشتڕاستکردۆتەوە هێزە ئەمریکییەکان بەنیازن دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی ئێستای چلەی ئیمام حوسێن دەست بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بکەن.
هاوکات میدیا فەرمییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە ڕەتکردنەوەی بوونی هیچ نیازێک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، كە ماوەیەكە دەنگۆی ئەنجامدانی بڵاوبووەتەوە.
درەنگانی ئێوارەی شەممە، کاروانێکی زەبەلاحی ئەمریکی کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی قورس پێکهاتبوو، جگە لە هێلیکۆپتەر، لە ناوچەی ئەلتەنفەوە بەرەو سنووری عێراق و سووریا جوڵەیان پێكراوە، ئەوەش بە یاوەری هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سوریا.