گرنگ

دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر سکاڵایەكی سەر هەرێم سپارد بە بڕگەیەکی یاسای بودجە

2023-09-06

 



بوار: بەغدا

دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی  لەسەر بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک و وەزیری بازرگانی هەرێم و بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک یەکلانەکردەوە پاش ئەوەی بۆ ماوەی ۱۰ مانگ دادبینی تێدا کردو  دۆسیەکەی سپارد بە جێبەجێکردنی بڕگەی یەک لەمادەی ۱۲ی یاسای بودجەی عێراق.

لەو بڕگەیەی یاسای بودجەدا هاتووە پاکتاوی دارایی لەنێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمدا دەکرێت لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بۆ ساڵەکانی ۲۰۰٤ تا ۲۰۲۲ ، كە دادگای فیدڕاڵی دۆسییەکەی بەبەشێک لەو بڕگەیە ناساندووەو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدا.

سکاڵاکەی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی خۆراک دژی کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک بۆ گەڕاندنەوەی پارەی وەرگیراوە لە هاووڵاتیان لەلایەن بریکارەکانی خۆراکە، کە مانگانە لە کاتی پێدانی بەشە خۆراکدا لێیان وەردەگیرێت.

لە کاتی دابەشکردنی بەشە خۆراکی هەر مانگێک لەلایەن بریکارەکانەوە بڕی ٥۰۰ دینار لەهەر هاووڵاتییەک وەردەگیرێت و ۱۱۰ دیناری بۆ بریکارەکان و ۳۹۰ دیناری بۆ کۆمپانیای بازرگانی خۆراکە.

ئەو پارەیەی دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای خۆراک لە هەر مانگێکدا نزیکەی دوو ملیار دینار دەکات بەو پێیەی سەروی پێنج ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێم بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن و تێکڕا لە ساڵێکدا نزیکەی ۲٤ ملیار دینار دەکات، كە بەغدا داوای پارەی وەرگیراو لە دوای ئازادی عێڕاقەوە تا ۳۰ی ۹ی  ۲۰۲۱ دەكات.

لەبەر ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو لەهەر ساڵێک ۱۲ بەشە خۆراکی تەواو دابەش نەکراوە و هەندێک جار لە نێوان ٤ تا ٦ جار خۆراک دابەشکراوە تێکڕای ئەو پارەیەی بەغداد داوای دەکات سەرووی ۳٥۰ ملیار دینارە.

لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم هۆکاری نەگەڕانەوەی پارەکە بۆ بەغدا بۆ بوونی خەرجی دابەشکردنی خۆراک و پێدانی پارەی بەڵێندەرەکانی گواستنەوەی خۆراک دەگێڕێتەوە، كە تەنیا مانگانە بۆ گواستنەوەی خۆراک بۆ بریکارەکانی خۆراک ۳۰۰ ملیۆن دیناری پێویستە.

لە پارێزگای هەولێر سەروی یەک ملیۆن و ۹۰۰ هەزار کەس و لە پارێزگای سلێمانی ۲ ملیۆن و ۲۰۰ هەزار و لە پارێزگای دهۆک یەک ملیۆن و ۳٥۰ هەزار کەس بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color