بوار: بەغدا
محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ شتێك بەناوی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان نییە، ئەوەی هەیە تەنیا پشكی هەرێمەو ئەوەش بە حسابات دەدرێت.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك وەڵامی داواکارییەکانی هەرێم بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران بەجیا لێكدەدرێتەوە، بەوەش كێشەیەكی تر بۆ ئەو پرسە دروست بوو، بەوەی بەغدا ئامادەنییە بەجیا لە پشکی هەرێم موچەی فەرمانبەران بنێرێت.
سودانی باسی لەوەش كرد، هیچ بڕە پارەیەك لە یاسای بودجەدا بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دیارینەكراوە، ئێمەش پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و لەوە زیاتر ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرین.
هەروەها رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی بەدەر لە یاساکە نییە، بەڵام دەتوانین قەرز بدەین، ئەوەش وەك ئەركێكی ئەخلاقی بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.