گرنگ

ئەمریكا بە فەرمی هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا راگەیاند

2023-09-14

 


بوار:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان، بەتایبەتی كێشەی موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەلێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، بەردەوام داوامان لە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقمان كردووە، کێشەکانیان سەبارەت بە بودجە چارەسەر بکەن، بەشێوەیەك لەگەڵ بەرژەوەندی گەلانی عێراق بگونجێت.

ئەو داواكارییەی ئەمریكا لەكاتێكدایە، كە كێشەكانی هەولێرو بەغدا، بەتایبەتی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 بەردەوامە، بەو هۆیەشەوە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان هەردوولا هەیە.

پێشتر تۆڕی نێودەوڵەتی ئەلمۆنیتەر، لەڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە ئاشكرایكرد، كە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی، تەلەگرامێکی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و داوای لێکردووە دەستوەردانی بەپەلە بکات ، ئەوەش بۆ ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستان لەو دۆخەی تێیكەوتووە.

پەرەسەندن و ئاڵوگۆڕی لێدوان لە نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو ڕێککەوتنە سیاسییانەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی محەمەد شەیاع سودانی واژووكران، ئەو ترسەی زیندوو کردەوە، کە ئەو دوو لایەنە بچنە ناو قەیرانێکی نوێی سیاسییەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەولێر بەغدای بە "پێشێلکردنی" ئەو ڕێککەوتنانە تۆمەتبار کرد، داوای کرد  پشكی خۆی لە بودجەی عێراق بنێرێت و حكومەتی عێراقیش وەڵامی دایەوەو رایگەیاند، هەولێر پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا نییە.

هاوكات لەگەڵ لێدوانەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنج شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگرەکەی سەردانی بەغدا دەكەن، ئەوەش بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر مووچە و بودجەی هەرێم.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color