رۆژنامەی عەرەبی جەدید بەڵێنێكی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی ئاشكراكرد، كە پەیوەندی بە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەیە.
بەپێی رۆژنامەكە، كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە وەریگرتووە، لە سەردانەكەی هەفتەی رابردووی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران، بەڵێنی ئەوەی بە بەرپرسانی ئێرانی داوە، كە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەواوی چەك دەكەن.
هەر بەپێی رۆژنامەكە بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی حیزبەكەی و حكومەتی هەرێمیشی نیشانداوە بۆ هەر هاوكارییەكی حكومەتی عێراق و ئێران لەبارەی ئەو رێككەوتنە ئەمنییەی لەنێوانیان هەیەو جەختیكردووەتەوە، قۆناغ بە قۆناغ تەواوی بڕگەكانی رێككەوتنەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە بافڵ تاڵەبانی جەختیكردووەتەوە، كە جگە لەوەی كار بۆ چەككردنی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، تەواوی چالاكییە سەربازییەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵات سنووردار دەكەن و رێگەنادەن لە هەرێمەوە هیچ مەترسییەك لەسەر ئێران دروست بكەن.