بوار:
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان، داوایەكی ئاراستەی محەمەد شەیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ سێ شەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینكن و محەمەد شەیاع سودانی بڵاوكردووەتەوەو ئاشكرایكردووە، وەزیری دەرەوەی داوای لە سودانی كردووە، لەگەڵ هەرێم هەماهەنگی بكەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
وەزارەتەكە راشیگەیاند، بڵینکن داوای لە سودانی کردووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی زیاتریان هەبێت، چونكە سەقامگیری هەرێم بۆ عێراق و ناوچەكەو جیهانیش گرنگەو ئەمریكا جەخت لەو هەماهەنگییە دەكات.
لەلایەكی تر، نووسینگەی محەمەد شەیاع سودانی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ناوبراو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، كە ئەنتۆنی بلینكن نامەیەكی بانگهێشتی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكای گەیاندووەتە سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی سەردانی واشنتۆن بكات و كۆبوونەوە ئەنجامبدەن.