گرنگ

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم: لە وڵاتانی ئەوروپا خواست لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێم زۆرە

2023-09-19

 
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، لە وڵاتانی ئەوروپا خواست لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێم زۆرە، دەشڵێت، حکومەتی بەغدا پابەندی رۆژمێری کشتوکاڵی نەبون و ئەوەش هۆکاری ساغنەبونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی هەرێمە.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ساغنەکردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێم، بەڵام حکومەتی بەغدا پابەندی رۆژمێری کشتوکاڵی نابێت.
 
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، لەبەر ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پابەندی رێکارە کشتوکاڵییەکان نەبووە و بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆش بکەن، بڕیاریانداوە هاوردەی ئەو بەرهەمانە لە بازگەکان قەدەغەبکرێت، کە لە شارەکانی عێراقەوە دێنە هەرێم.
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم وتیشی، ئەو بەرهەمانەی لە پێداویستی ناوخۆیی زیادەن، دەخرێنە بەرنامە و بەهەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەپێی کوالێتی و خواستی وڵاتان هەناردەی بازاڕە جیهانییەکانی دەکەن و خواست لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێم لە وڵاتانی کەندا و ئەوروپا زۆرە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە جوتیارانی قەزای پێنجوێن دژی ساغنەکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان گردبونەوە ئەنجامدەدەن.
 
ساڵانە جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەدەست گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیانەوە دەناڵێنن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدەدەن و داوادەکەن رێگری لە هاوردەکردنی هەندێک بەرهەمی کستوکاڵی بکرێت بەو پێیەی ئەوان بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو بەرهەمانەیە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color