بوار: بەغدا
وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق داوای کرد، موچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە ناكۆییە سیاسییەكان جیا بکرێتەوە، دووپاتی کردەوە هەرێم بەشێکە لە حکومەتی فیدراڵی و دەبێت مافەكانی پێبدرێت.
سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێكی رایگەیاند، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە حکومەتی فیدراڵی، ئەو بڕە پارانەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێم دەینێرێت بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگی ڕابردووی فەرمانبەران تەرخاندەكرێت.
سۆزان مەنسور راشیگەیاند، دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی سەرەکی لە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بۆیە نابێت ئەو پرسە بە سیاسی بكرێت.
مەنسوور جەختی لە گرنگی هەبوونی گفتوگۆیەکی بنیاتنەر لە پێناو گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان ناوەند و هەرێم كردەوەو راشیگەیاند، دەبێت کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەک، کە مافە دەستوورییەکان مسۆگەر بکات چارەسەر بكرێت.