گرنگ

ئارمیتا هێشتا بێهۆشەو هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشە لە خانەوادەکەی دەکەن


 
ئارمیتا کێیە؟
 
ماوەی هەفتەیەکە کچێکی تەمەن 16 ساڵانی خه‌ڵكی کرماشان بە ناوی ئارمیتا لەبەر ئەوەی پێشێلی حیجابی زۆرەملێی کردووە، بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مێترۆی تاران بێهۆشەو لە نەخۆشخانەی فەجرە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشە لە خانەوادەکەی دەکەن لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی وێنەی کچەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی هەواڵەکان بە چڕی چاودێریی بنەماڵەکەی دەکەن.
 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه،‌ رێخکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكرده‌وه‌، دوای بڵاوبونەوەی وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "فەجر"ی تاران، بە مەبەستی پێشگرتن لە ئەگەری وێنەگرتن لە دۆخی ئەو مێردمنداڵە کوردە و بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە چارەنوسی ئەو مێرمنداڵە کوردە، مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنییدا کە چەند رۆژێک پێش ئێستا تۆمارکراوە و راگەیاندنە حکومییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە دایکی ئارمیتا دەڵێت، "نازانین، وتویانە فشاری خوێنی دابەزیوە"، بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر دایک و باوکی ئارمیتا، هێشتا بەڕوونی نازانن هۆکاری دابەزینی پەستانی خوێنی منداڵەکەیان چی بووە.
کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە رایگەیاندووە، دیمانەکە لە نەخۆشخانەی فەجر و لەژێر گوشار و بە ئامادەبونی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەتییەکان تۆمارکراوە و ئەوانیش بەهۆی گوشاری ئەو هێزانەوە ناچاربون ئەم دیمانەیە بکەن.
 
بەپێی ئەو وێنەیەی شەوی رابردوو، هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، باری تەندروستیی ئارمیتا هیچ باش نەبوە و تاکو ئێستاش هێشتا بێهۆشە.
 
به‌پێی رێخکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەر لە نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی رابردوو (1ی 10ی 2023) هێزەکانی حکومەتی ئێران لە مێترۆی "شەهۆدا"ی تاران، بە بیانوی نه‌پۆشینی حیجاب هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتە گەڕاوەند-ی تەمەن 16 ساڵان، خەڵکی کرماشان و دانیشتوی تاران، لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چوە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
 
لە دوای گیان لە دەستدانی ژینا ئەمینی لە ساڵی رابردوودا، پرسی حیجابی زۆرە ملێ یەکێک لە گرنگترین هۆکارە سەرەکییەکانى ناڕەزایەتییەکانی گەلانى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان، کە بەو هۆیەوە لەو کاتەوە هەتاکو ئێستا زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت بەشەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت جیهانیش ئەنجامدراوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color