غەزە لە چاوەڕوانی "پڵنگ"دا..
گومان لەسەر کاریگەری زرێپۆشێکی ئیسرائیلی لە یەکەم تاقیکردنەوەدا دروست بوو
بوار:
سەرەتای هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە پرسیاری لەسەر کاریگەریی ئەو تانکە سەربازە ئیسرائیلییە دروستکرد، کە بە "پڵنگ" ناسراوەو بڕیارە یەکێک بێت لە زرێپۆشە بەهێزەکانی ئیسرائیل.
لە یەکەم رۆژی هێرشی زەمینیدا بەهۆی هێرشێک بۆ سەر تانکی "پڵنگ" بووە هۆی کوژرانی ١١ سەربازی ئیسرائیلی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، ئەمەش ڕووداوێکە کە بووە هۆی شۆک لە ئیسرائیل بەهۆی هێزی گوماناویی ئەو تانکە، کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بڕە پارەیەکی زۆریان تێدا خەرجکردووە بۆ دروستکردنی و بۆ یەکەمجارە دەخرێتە خزمەتی سەربازی و لە شەڕی غەزە بەکارهێنراوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فۆربس، کێشی “پڵنگ” 70 تەنە، زرێپۆشی “ناوازە”یە و سوپای ئیسرائیل لە ساڵی 1982 دوای شەڕی لوبنان دەستی بە پەرەپێدانی کردووە.
بەگوێرەی پێگەکە، ئیسرائیل ناچار بووە بیر لە پەرەپێدانی تانکەکانی "پڵنگ" بکاتەوە، دوای ئەوەی تیمە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ساڵی 1982 لەگەڵ تیمە مووشەکی دژە تانکەکانی فەلەستین لە شاری تایر تێکهەڵچوون و زیانی زۆریان پێگەیاندن.
لەلایەکی تر ماڵپەڕی پۆپۆلار میکانیک بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٠دا تانکی "پڵنگ"ی گۆڕیوە بۆ تانکێکی زرێپۆشی قورس، کە بۆ گواستنەوەی دوانزە سەرباز - لەنێویاندا دوو ئەندامی تیمەکە - بۆ سەنگەرێکی پڕ لە چەکی دژە زرێپۆش، بەتایبەتی نارنجۆکی موشەکی و دژە تانک موشەکی ڕێنمایی کراو بەکاردەهێنرێت.
"پڵنگ" لەسەر مۆدێلی تانکی مێرکاڤا دروستکرابوو، پەرەپێدانی درێژخایەن و مشتومڕی لەسەر بوو، بەڵام هەر زوو توانای خۆی سەلماند کاتێک دوو وەشانی یەکەم بەشدارییان لە شەڕی غەزەدا کرد لە ساڵی ٢٠٠٨ و تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو.
ماڵپەڕی "میکانیکی باو" نووسیویەتی، تانکی "پڵنگ" لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی زۆری پێدراوە، بەڵام لەم شەڕەدا دەرکەوت ئەو پەرەپێدانەی سوودی نەبووە.
وەشانی یەکەمی زرێپۆشەکە تایبەت بوو بە گواستنەوەی سەربازەکان بۆ هێڵی پێشەوە ، گواستنەوەی چەکی سووک ، چونکە سنووردار بوو بە جووتێک دۆشکە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام وەشانی نوێ، لەگەڵ تاوەرەکەی کە بە ئامێری تۆپ و مووشەکێک، ڕێگە بە سەربازەکان دەدات لە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە شەڕ بکەن، بەڵام ئەوانە هەمووی لە ئاست چاوەڕوانییەکان نەبوون.