گرنگ

شەڕ لە غەزەو ئاگر لە بەغدا

2023-11-04

 

شەڕ لە غەزەو ئاگر لە بەغدا
بۆچی هێزە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لەعێراق خرانە حاڵەتی ئامادەباشی
بوار:

هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەردەوامە لە لایەن گروپە چەکدارییە عێراقییەکانەوە، کە تاران پشتیوانیان لێدەکەن، دوایینیان بە ئامانجگرتنی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی بوو لە پارێزگای حەسەکە لەسەر سنووری سوریا و تورکیا.

گروپێک ، کە خۆیان بە "بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن، ڕایانگەیاند، هەفتەی داهاتوو "قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات، کە تێیدا بە شێوەیەکی فراوانتر و توندتر مۆڵگەی دوژمنەکانی دەکەنە ئامانج".

ئەو گروپە لە بەیاننامەکە رایانگەیاند، کە بۆ پشتیوانی لە گەلەکەمان لە فەلەستین و بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی غەزە، هەفتەی داهاتوو قۆناغێکی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان دەست پێدەکەین، توندتر و فراوانتر دەبێت بەرامبەر بنکەکانی لە ناوچەکەدا. ”

ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، کە دەیان گروپی چەکداری لە عێراق لەخۆدەگرێت، ڕۆژی پێنجشەممە باری نایاساییان راگەیاند و هێزەکانیان خستە ئەوپەڕی ئامادەباشی.

عەبدولعەزیز محەمەداوی سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەدشی شەعبی، لەو بارەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە یەکەکانی کرد، کە دۆخی ئامادەباشی خۆیان بەرزبکەنەوە بۆ زۆرترین ئامادەیی "بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی لەناکاو لە ڕۆژانی داهاتوودا."

لە بەیاننامەکەدا، کە دوای کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی گروپەکانی حەشدی شەعبی بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە ئەو ئەنجامانەی “بە داستانی تۆفانی ئەقسا (...) بەدەست هێنراون” ستایشکراون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو هێرشەی چەکدارانی فەڵەستین لە غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووەو تائێستاش بەردەوامە.

لە بەیاننامەکەدا ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە دەکەن و دڵنیایی دەدەن، ئەوان بۆ هەموو دۆخێک ئامادەن و تۆڵەی ئەو هێرشانە دەکەنەوە.

لە بەیاننامەکە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕێنمایی دا کە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشی هەڵبگیرێت “وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نائاسایی لە ڕۆژانی داهاتوودا.

لە ماوەی چەند هەفتە و ڕۆژانی ڕابردوودا، چەندین جار هێرش بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق، بەتایبەتی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، ڕۆژئاوای وڵات، بنکەی حەریر لە هەولێر، هەروەها بنکەکانی دەوروبەری بەغدا و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر ئەنجامدرا، ئەمەش تووڕەیی ئەمریکای بەدواوە هات.

شارەزایان پێشبینی، رەنگە ئەو هێزانە بەدرێژایی ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سوریا هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە، هەروەها بارەگا دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بە هەمان شێوە بە تایبەت لە بەغدا و هەولێر بکەنە ئامانج.

ئەوان پێیانوایە، کە ئەمە عێراق دەخاتە ناو شەڕێکی فراوانەوە، ئەمەش کاریگەری کارەساتبار لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەی دەبێت.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color