گرنگ

بە نێوەنگیری قەتەر خەزوور و خەسووی سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا لە غەزە رزگارکران

2023-11-04

 

بە نێوەنگیری قەتەر خەزوور و خەسووی سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا لە غەزە رزگارکران
بوار:
حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا ، دایک و باوکی هاوسەرەکەی "کە دەکاتە خەزوور و خەسوو"ی، توانیان ڕۆژی هەینی کەرتی غەزە بەجێبهێڵن، ئەمەش کۆتایی بە "کابوس"ی کەمخەوی خێزانەکەی هات، کە چەند هەفتەیەکە بەردەوامی هەیە.

دەروازەی ڕەفعەت لە غەززەوە بۆ میسر، رۆژی هەینی بۆ سێیەم رۆژ بە شێوەیەکی سنووردار کرایەوە، بەپێی ڕێککەوتنێک کە بە نێوەندگیری قەتەر کرابوو، ئامانج لێی ڕێگەدان بوو بە هەندێک خاوەن پاسپۆرتی بیانی و خێزانەکانیان و هەندێک لە دانیشتوانی برینداری غەززە بۆ دەرچوون لە کەرتی غەززە .

ناوی ئەلیزابێس و مەجید ئەلنەقلا لە لیستی ئەو کەسانەدا دەرکەوت کە بڕیاربوو غەززە بەجێبهێڵن، کە دواتر حەمزە یوسف و نادیە ئەلنەقلەی هاوسەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، زۆر خۆشحاڵین، کە پشتڕاستی دەکەینەوە دایک و باوکی نادیە توانیویانە بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە غەزە بەجێبهێڵن”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، چوار هەفتەی ڕابردوو بۆ خێزانەکەمان کابوسێک بووە، بەڵام کۆتایی هات، لەگەڵ ئەوەش دڵگرانین بە بەردەوامی ئازارەکانی خەڵکی غەززە بەهۆی شەڕەکانەوە.

یوسف (38 ساڵ) پێشتر ڕایگەیاندبوو، دایک و باوکی هاوسەرەکەی سەردانی خێزانەکەیان کردووە، ئەوەش پێش هێرشی چەکدارانی فەڵەستین لە غەزە بۆ باشووری ئیسرائیل، کە لەو کاتەوە ئیسرائیل بۆردومانی بەردەوامی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە و زیاتر لە ٩ هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە ٢٣ هەزار کەسیش برینداربوون و وێرانکارییەکی بەرفراوانی کەرتی غەززەی لێکەوتووەتەوە و قەیرانی مرۆیی توندتر کردووە.

بەهۆی هێرش و گەمارۆکانەوە، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بیانی لە کەرتی غەزە گیریان خواردووەو ئێستا هەوڵی ئازادکردنیان دەدرێت.

یوسف مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، دایک و باوکی هاوسەرەکەی خواردن و ئاوی خواردنەوەیان تەواو بووە، ئەگەر نەتوانن بەم زووانە بڕۆن، ئەگەری مردنیان هەیە.

رۆژی چوارشەممە گروپی یەکەمی هاووڵاتیانی بەریتانیا غەززەیان بەجێهێشت و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش ڕایگەیاند، دەیانگوازنەوە بۆ قاهیرەو لە وێشەوە بۆ بەریتانا.

یوسف کە سەرۆکایەتی حکومەت لە سکۆتلەندا دەکات، زیاتر لە جارێک داوای ئاگربەستی لە غەززە کرد، هەروەها ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کرد، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە کەمپی جەبەلیا لە باکووری کەرتی غەززە ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس فەلەستینییەکان.

یوسف و هاوسەرەکەی دەڵێن: داواکارییەکانمان دووپات دەکەینەوە کە هەموو لایەنەکان لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ ڕێکبکەون و ڕێڕەوێکی مرۆیی بکەنەوە بۆ ئەوەی بڕێکی زۆر هاوکاری بە سووتەمەنیشەوە بنێرێت بۆ غەزە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color