گرنگ

ئەمریکا واشنتۆن داوای ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە دەکات و ناتانیاهۆش رەتیدەکاتەوە

2023-11-04

 

ئەمریکا واشنتۆن داوای ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە دەکات و ناتانیاهۆش رەتیدەکاتەوە
بوار:
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کرد، ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە پەسەند بکات، کە ماوەی چەند هەفتەیەکە هێرشی ئاسمانی دەکات سەرو بەهۆیەوە هەزاران فەلەستینی کوژراون.

بلینکن بە بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ڕەزامەندی ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی مرۆیی "یارمەتی واشنتۆن دەدات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو فشارە زیاترەی، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەهۆی پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە غەززە"، هەروەها "یارمەتی ئیسرائیل دەدات بۆ بەدەستهێنانی کاتێکی زیاتر پێش هێرشە زەمینییە گشتگیرەکەی" بۆ سەر غەززە .

بەگوێرەی ئەوەی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتی لە ئامانجی ئیسرائیل دەکات، کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانی چەکدارەکانی غەزە، بەڵام لەژێر فشاری هەندێک لە دیموکراتەکانی ناو کۆنگرێس، و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا فشارەکانی لەسەر زیاتر بووە بۆ ئاگربەست لە غەزە.

ئاکسیۆس ڕوونیشیکردەوە، بلینکن هاوتا ئیسرائیلییەکانی ئاگادارکردووەتەوە، ئیدارەی بایدن لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت، چونکە پاڵپشتی تەواوی ئیسرائیل دەدات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا به بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، نابێت ئۆپەراسیۆنەکانی سەر غەزە چەند رۆژێک زیاتر بخایەنێت، چونکە تا ماوەی ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر بێت ئەوە زیانە مرۆییەکان زیاتر دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو فشارانەی کە ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە، ئاگربەستی مرۆیی یارمەتی ئیسرائیل دەدات بۆ بەدەستهێنانی کاتێکی زیاتر بۆ ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی.

پەیامەکەی بلینکن، بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو بەرپرسی ئیسرائیل، ئەوە بوو: "نامانەوێت ڕێگریتان لێبکەین، بەڵام یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر بەدەستبهێنین".

لە لایەکی دیکەوە بەگوێرەی رۆژنامەکە، سەرکردەکانی ئیسرائیل لەوانە ناتانیاهۆ و یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل و هێرزی هالیڤی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئەم پێشنیازەیان ڕەتکردەوە.

هەروەها ئەوان بە بلینکنیان وتووە کە ئاگربەست "ڕوونادات مەگەر بارمتەکان ئازاد نەکرێن."

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، پرسی ئاگربەستی مرۆیی دەچێتە ژێر گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام باوەڕیان بەوە نییە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هیچ شتێک بگۆڕێت"، بەپێی ئاکسیۆس.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color