گرنگ

ماکرۆن داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە غەزە رابگرێت

2023-11-11

 

ماکرۆن داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە غەزە رابگرێت
بوار:
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی، داوای لە ئیسرائیل کرد ئەو بۆردومانانە بوەستێنێت، کە خەڵکی مەدەنی لە غەزە دەکەنە ئامانج.

ماکرۆن وتی: "ئێمە هاوبەشی ئازارەکانی (ئیسرائیل)"ین، "هاوبەشین لە خواستی خۆی بۆ ڕزگاربوون لە تیرۆر"، بەڵام "هیچ پاساوێک نییە" بۆ ئەو بۆردومانەی، خەڵکی مەدەنی لە غەزە دەکوژێت، ئاماژەی بە مردنی "منداڵان، ژن و بەساڵاچووان"یش کرد.

سەرۆکی فەڕەنسا وتیشی: دەبێت جەنگ بە پێی ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ئیسرائیل ئەو بۆردومانانە بوەستێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەرکردەکانی وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسی مرۆیی تایبەت بە غەززە ڕۆژی پێنجشەممە لە پاریسەوە بەڵێنیان دا کە بەهای زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ هاوکاری پێشکەش بە کەرتی غەزە بکەن، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکانی "ئاگربەست"دا.

بڕیارە بەشێکی زۆری ئەم هاوکارییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی دانیشتوانی غەزە و کەناری ڕۆژئاوا بەکاربهێنرێت، کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بە نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ماکرۆن بە نوێنەری پەنجا وڵات و ڕێکخراوە مرۆییەکانی ڕاگەیاند، "لە کورتخایەندا دەبێت کاربکەین بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین، پێویستە زۆر بە خێرایی ئاگربەستی مرۆیی رابگەیەنین و کاربکەین بۆ ئاگربەست". ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێت ئەمە ببێتە شتێکی راستی".

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color