گرنگ

قوباد تاڵەبانی: شۆڕشی داتا رادەگەیەنین

2023-11-14

 

قوباد تاڵەبانی: شۆڕشی داتا رادەگەیەنین

بوار سلێمانی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی وتارێکی، کە لە کۆنفرانسی " مید" پێشکەشی کرد، وتی: ئەمڕۆ هاتووین شۆڕشی داتا رابگەیەنین.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: بە هۆی نەبوونی داتای پێویستەوە نەمانتوانیوە خزمەتگوارییەکانمان بەشێوەیەکی تەواو هاوسەنگ بەسەر ناوچە جیاجیاکان دابەشبکەین، کە ئەزمونی گەشەپێدانی دوو دەیەی رابردوو لە هەرێم پێمان دەڵێت کە شارە گەورەکان و سەنتەری پارێزگاکان گەشەیان کردووە، بەڵام شارۆچکەکان، قەزا، ناحییەکان و تەنانەت گوندەکانیش تا رادەیەک پەراوێز خرابوون.

هەروەها جەختیکردەوە، کوردستان نابێتە وڵاتێکی گەشەسەندوو و خاوەن ئابوورییەکی تۆکمە و سەقامگیر، ئەگەر مۆدێلێک لە حوکمڕانی و گەشەپێدانی ناوچەیی جێبەجێ نەکەین، چونکە لە مۆدێلی گەشەپێدانی ناوچەییدا، دەبێت بەپێی تایبەتمەندی هەر ناوچەیەک پلانی تایبەت بە گەشەپێدانی ئەو ناوچەیەمان هەبێت و جێبەجێی بکەین.

ئەمرۆ سێ شەممە قوباد تاڵەبانی، یەكەمین كۆنفرانسی "مید" بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی راگەیاند، ئەوەش لەژێر ناونیشانی "دەستپێشخەری شۆڕشی داتا و چارەسەرە زیرەكەكان"، ئامانجەکەی بریتییە لە "داڕشتنی ستراتیژێك بۆ کۆکردنەوەو بەردەستخستنی داتا و زانیاری لەسەر بنەمایەکی زانستی و دروست، هەروەها بەكارهێنانی چارەسەری زیرەك بۆ كێشەكانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت: پلان بەبێ داتای زانستی، لە ئاستی بیرۆکەدا دەمێنێتەوە کە رەنگە بیرۆکەیەکی باش بێت و رەنگە بیرۆکەیەکی هەڵەش بێت، ئاماژەی بەوەش کرد، لە رابردووی حکومڕانی کوردستان و عێراقدا، زۆر بیرۆکەی هەڵە بەناوی پلانەوە جێبەجێ کراون و دەرەنجامی خراپیشی لێ کەوتووەتەوە.

هاوکات جەختیکردەوە، گرنگە میکانیزمێک لە ئیدارەداندا پەیڕەو بکرێت کە خەڵک راستەوخۆ بەشداربن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا و حوکمڕانیمان.

ئەو روونیکردەوە، یەکەم هەنگاوی شۆڕشی داتا بە پڕۆژەی بایۆمەتری دەستی پێکرد کە وایکرد بۆ یەکەمین جار حکومەتی هەرێم ببێتە خاوەن داتایەکی ورد و دروست.

هەروەها هەر ئەمرۆ پرۆژەیەکی بەناوی "سمارت سولی" راگەیاند و لەبارەیەوە وتی: لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە راستەوخۆ خەڵک بەشدار دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گەشەپێدانی کۆمەڵگادا، چونکە سمارت سولی دەتوانێت ئەڵقەیەکی پەیوەندی بێت لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت و زانکۆکان و ناوەندە ئاکادیمییەکان و هاووڵاتییان.

باسی لەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆڕبەندێکی گەنجانەی تەکنەلۆژیی بۆ داهێنان و کارسازی ئەنجام دەدەین، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زیرەک بۆ کێشەکانی بەردەم حوکمڕانیمان.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color