گرنگ

کەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بە تەواوی جێگیر دەبێت؟

2023-11-15

 

100 دۆلار دەبێتە 132 هەزار؟

کەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بە تەواوی جێگیر دەبێت؟

بوار
شارەزایان و بەرپرسانی کاروباری دارایی و ئابووری بە گرنگییەوە لە ڕێککەوتنی بانکی ناوەندی عێراق و نوێنەری بانکی فیدراڵی ئەمریکا دەڕوانن و باس لەوە دەکەن، بەهێزکردنی سەرمایەی بانکە عێراقییەکان بە دۆلار و زیادکردنی ژمارەی بانکەکان هەنگاوێکە بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆنامەی “سەباح” ئاماژەی بەوەدا، دەسەڵاتی دراوی عێراق یەدەگی دراوی بیانی لەبەردەستدایە، کە بەرزترینە لە مێژووی دارایی عێراقدا، وتیشی: عێراق خاوەنی بەرزترین یەدەگی دراوی بیانی و کارایی بازرگانییە.

ڕوونیشیکردەوە، پارەدارکردنی دەرەکی بۆ کەرتی تایبەت لە ڕێگەی پلاتفۆرمی پابەندبوونەوە، کە پێویستی بە ماوەی ساڵێک لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەبوو، بەردەوام بوو، بەمجۆرە بانکەکان خۆیان گونجاند لەسەر بنەمای پابەندبوونی جیهانی بە بەکارهێنانی دراوی بیانی بە مەبەستی بازرگانی، نەک بۆ مەبەستی تر.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان عێراق و ئەمریکا ئاماژەیە بۆ بوونی نەرمییەکی زۆر بۆ دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی تایبەت، بە بەهێزکردنی سەرمایەی ژمارەیەک بانک بە دۆلار، کە خۆیان لەگەڵ پابەندبوونی جیهانیدا گونجاندووە و لە ناوەندە بازرگانییە گەورەکانی جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت، کاریگەری لەسەر دارایی عێراق دادەنێت.

ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا زیاتر لە 85%ی خواست لەسەر دراوی بیانی لەڕێگەی پلاتفۆرمی دەرەکییەوەیە، کە لەلایەن (بانکی ناوەندی عێراق) پرۆسەکە بەڕێوەدەبرێت، بە بەرزکردنەوەی سەرمایەی بانکەکان، ئەو فشارە کەمدەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار سەقامگیر بێت.

هەروەها جەختیکردووەتەوە، ئەم ڕێکەوتنە سەرەتای سەقامگیری نرخەکان لە بازاڕی ئاڵوگۆڕدا پێکدەهێنێت.

لای خۆیەوە ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و شارەزای ئابووری لەسەر رێککەوتنەکە، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە واژوو کرا دەڵێت: پرۆسەی بەهێزکردنی سەرمایەی بانکەکان کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی دۆلار دەبێت، ئاماژە بەوە دەکات ، بابەتەکە لە زیادکردنی ژمارەی بانکەکاندا نییە، بەڵکو لەو بڕە پارانەدایە، کە دەکرێت زیادکردنیان بۆ سەرمایەی ئەو بانکانە قازانجی گەورە بە نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بگەیەنن، دووەمیش بە چاودێریکردنی ئەو بانکانە و دڵنیابوون لەوەی ئەو بڕە پارانە دەگاتە دەست هاووڵاتیان و بازرگانان ، بە تایبەتی کە بەشێک لەو بانکانە دۆلار لە پەنجەرەی دراوەوە وەردەگرن، دڵنیایی لای لایەنی ئەمریکی دروست دەکات.

سەفار ئاماژەی بەوەشکرد، زیادکردنی ژمارەی بانکەکان و بەرزکردنەوەی سەرمایەکانیان یارمەتیدەردەبێت بۆ کەمکردنەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی رەشدا، بەمەرجێک چاودێری ئەو بانکانە بکرێت و دڵنیابن لەوەی ئەو دۆلارانە بگەیەنرێنە هاووڵاتیان و بازرگانان، جگە لەوەش بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی ئەو بەڵگەنامانەی، کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمەوە پێشکەش دەکرێن سەبارەت بە گواستنەوە دەرەکی و حەواڵە.

ئەو ڕوونیکردەوە، ئێستا بەشێکی زۆری ئەم پارەیە، کە لە پەنجەرەکەوە دەچێتە دەرەوە بۆ حەواڵەکردن و ڕاستەقینە نییە، بۆیە ئاوا نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بەرز دەبێتەوە، ئەگەر ئەوە چارەسەر بکرێت، بەدڵنیایی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار جێگیر دەبێت، وەک ئەوەی بانکی ناوەندی دیاریکردووە.

هاوکات شرۆڤەکاری کاروباری ئابووری، جەلیل لامی، باسی لەوە کردووە، ئەوەی ڕوویدا هەنگاوێکی نوێی چاکسازییە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ نوێنەری ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتەکە کاریگەری لەسەر پرسی پارەی کاش نییە، بەڵکو ڕێکارەکانی دواکەوتنی لە پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیدا هەیە چارەسەر دەکرێن و گواستنەوە لە پەنجەرەی کڕین و فرۆشتن خێرا دەکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color