گرنگ

کەیسێکی قوڕستر چاوەڕێی محەمەد حەلبوسی دەکات

2023-11-15

 

زانیاری نوێ لەسەر دووخستنەوەی حەلبوسی

کەیسێکی قوڕستر چاوەڕێی محەمەد حەلبوسی دەکات

بوار،
بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، لە پەرلەمانتاری و سەرۆکایەتی پەرلەمان لەکاتێکی هەستیاری وەک ئێستا بۆ شەقامی عێراقی و خودی حەلبوسی شۆک و چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە عێراق لەناو بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندایەو بڕیارێکی وا بۆ دوور خستنەوەی پیاوی ژمارە یەکی سونە لەسەر شانۆی سیاسی عێراق.

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار لەیس دلێمی بووە و هۆکاری سکاڵاکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەیس دلێمی پێش ئەوەی خۆی کاندید بکات لەلایەن حزبی تەقەدومی حەلبوسیەوە دەست لەکارکێشانەوەیەکی پێ نوسراوە بۆ ئەوەی وەک گرەنتیەک لای حزبەکەی بمێنێت و سەنگەر نەگوازێتەوە .

پاش ئەوەی لەیس دلێمی بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراو وەک یەکێک لە کەسایەتیە بەهێزەکانی سونە دەرکەوت و ئەمەش مەترسی لای حەلبوسی دروست کرد و بۆ ئەوەی جگە لەخۆی هیچ سەرکردەیەکی تر لە ناو حزبەکەی دروست نەبێت دەستلەکارکێشانەوە پێشوەختەکەی لەیس دلێمی لە پەرلەمان پێشکەش دەکات و بەواژۆیەک کە لەبری لەیس لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکە کردویەتی و کات و مێژوەکەی گۆڕیوە.

دەستلەکارکێشانەوەکە دەخاتە دەنگدانەوەو لە مانگی یەکی ئەمساڵ لە ئەندامێتی پەرلەمان دەبەخشرێت.

دواتر لەیس دلێمی لەدادگای فیدڕاڵی سکاڵا دژی حەلبوسی تۆمار دەکات و تۆمەتباری کرد بەوەی داواکاری دەست لەکارکێشانەوەکەی تەزویر کردووە، لەناو سکاڵاکە باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ وەک لایەنی سێیەم هاتە ناوەوەو چەندین بەڵگەی دژی حەلبوسی پێشکەشی دادگا کرد و دوای چەندین دانیشتن سەرئەنجام دادگا قورسترین بڕیاری دژی یەکێک لە سێ سەرۆکایەتیەکە لەمێژووی عێراقدا دەرکرد.

بەپێی بڕیاری دادگا جارێکی تر حەلبوسی ناتوانێت خۆی بۆ پەرلەمانتاری کاندید بکات و پۆستی حکومی وەربگرێت و دۆسێیەکی قورستر چاوەڕێی حەلبوسی دەکات دوور نیە دەستگیر بکرێت یان ناچار بەهەڵهاتن بۆ دەرەوە بکرێت.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەڵگەنامەیەکی داوەتە دادگای فیدڕاڵی کە حەلبوسی وەک سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە ۱٨ی ٦ی ۲۰۲۳ گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای BGRی ئەمریکی واژۆ کردووە بۆ لۆبیکردن و دروستکردنی پەیوەندی بۆ حزبی تەقەدوم و خودی حەلبوسی لە واشنتۆن کە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی کۆمپانیاکە یەهود باراک، سەرۆک وەزیری پێشوی ئیسرائیلە و هەمان کۆمپانیا ڕۆڵی هەبووە لە ڕێکەوتنی ئەبراهام لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبیەکان.

حەلبوسی بڕی ٦۰۰ هەزار دۆلاری بۆ شەش مانگ داوەتە کۆمپانیاکە.

پێدەچێت لایەنە شیعەکان تەنها بەوەوە لەحەلبوسی نەگەڕێن لە پەرلەمان دووری بخەنەوە و دۆسیەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای ئیسرائیلی و گەندەڵی لەسەر بکەنەوەو دواجار چارەنوسی حەلبوسی هاوشێوەی چارەنوسی سەرکردە سونیەکانی وەک تارق هاشمی و ڕافع عیساوی بێت کە لەسەر دۆسیەکانی تیرۆر و گەندەڵی دارای لە پڕۆسەی سیاسی ئاوت کران.

حەلبوسی تەمەن ٤۲ ساڵ لەڕێگەی جەمال کەربولی سیاسەتمەدار وسەرمایەداری سونەوە هاتە ناو سیاسەتەوەو کاندیدی ئەو بوو بۆ پارێزگاری ئەنبار، بەڵام هەر زوو کودەتای بەسەر کەربولیدا کرد و لەماوەیەکی زۆر کەمدا ئیمپراتۆریەتێکی دارای و سیاسی پێکهێناو ماوەی دوو خولە کەسی یەکەمی سونەو سەرۆکی پەرلەمان بوو .

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color