گرنگ

حیزب لە هەرێمی کوردستان وەک سەربڕی ئازادی

2023-11-16

 

حیزب لە هەرێمی کوردستان وەک سەربڕی ئازادی

بوار، هانا چۆمانی
لە هەرێمی کوردستان، دوو حیزب دەستەڵاتدارن، ئەوانیش (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کورستان)ن، بەڵام چۆن بەدەنگدان و هەڵبژاردن، بێگومان نەخێر!. بەڵکو بە بەزەبری هێز، چەک، میلیشیا، هەڕەشە و تۆقاندن، کوشتن، راوەدونان، زیندانیکردن و میدیا بە پارە و داهاتی خەڵک، لەدوای شەڕی ناوخۆی ئەو دوو حیزبە ساڵی ٢٠٠٣ و ئازادکردنی عێراق ئومێد هەبوو کە هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی ٧٠ ساڵ لە هەوڵ و تێکۆشان و خەبات خەڵکەکە بتوانن بە ئازادی وئاسودەیی ببن بە خاوەن حکومەتێکی خۆیان و بە ئازادانە بتوانن رەخنە بگرن، قسەبکەن، بەشداربن لە سیاسەت، بەڵام دوای ٢٠ ساڵ نەک ئەوە نەکرا، بەڵکو سەدان هەزار کەس لە نائارامی، ترس و هەڕەشەدا دەژین، هەزاران کەس گیراون و رفێندراون، سەدان کەس کوژراون وبێ سەروشوێن کراون، کە هەموویان ئەو کوردانەن کە رۆژانێک خەونیان بە دەستەڵاتی خۆماڵی کوردی دەبینی.
پێیان وابوو کە ئەگەر دەستەڵاتەکە کوردی بێت، ئازادی و مافی مرۆڤ و یەکسانی و عەدالەت لە لوتکە دەبێت، بەڵام ئەو دوو حیزبە رێک پێچەوانەن، بوون بە دژی کورد و دژی ئازادی و مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان.
هاوڵاتی رەخنە بگرێت، بانگی دەکەن لە ئاسایش و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەن، رۆژنامەنوس رەخنە لە حیزب و حکومەت بگرێت، دەیگرن، زیندانی دەکەن، سوکایەتی پێدەکەن، هەڕەشەی ئەخلاقی وناموسی لێدەکەن، دواجار هەرەشە لەخێزان وکەس وکاری دەکەن، لەکۆتایی ئەگەر هەر تەسلیم نەبوو ئەوا یان بەتۆمەتێکی ناڕەوا دەیخەنە زیندان یان دەیکوژن، هەموو ئەو کارانەشیان لەرێگای میلیشیاکانی، ئاسایش و دژە تیرۆر و پێشمەرگە کە گوایە سەربە حکومەتە دەیکەن، بەڵام ئەو هێزانە نەک حکومی نین بەڵکو لە حیزبیش بچوکترد کراوەنەتەوە بوونەتە داردەستی بەرپرسانی حیزب و کێیان بوێت فەلاقەی دەکەن و کێیان بوێت دەیگرن ودەیکوژن
دواین کەیسە نوێکانی گرتن ورفاندنی رۆژنامەڤانان و چالاکوانان، ئەوانە، رۆژی 23-10-2023 رۆژنامەڤانان جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال لە شاری سلێمانی بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکران و برانە زیندان، هاوکات هەفتەیەک پێشوتر رۆژنامەڤان ئازاد بایز دەستگیرکرا و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی رفێندرا، شەوی 26-10-2023 لە گوندی هەڤنکا لە دەڤەری بارزان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و دواتر گڕی گرت و بەهۆیه‌وه‌ شۆفێره‌كه‌ی‌ كه‌ جیهان ته‌ها مامۆستای‌ وانه‌بێژ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر بوو، لە رووداوێکی گوماناوی گیانی لەدەست دا، ئەوەش لەکاتێکدابو کە هەفتەیەک پێش ئەوکاتە کۆمەلێک هەڕەشە بۆرۆیشتبوو و هەروەها بەردەوام خۆپیشاندان وناڕەزایەتی دژی حکومەت ئەنجامدەدا و رەخنە لە دەستەڵاتی حکومەت دەگرت.

هەروەها (سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنوس و هەواڵسازی ئاژانسی هەواڵی رۆژ نیوز) لە یەكی تشرینی یەكەمی 2023، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی باوكی، بەرێكاری یاسایی سەردانی خانەوادەكەی کرد بەڵام سنوری پارێزگای دەهۆک لە هەرێمی كوردستان دەسگیرکراو، ئاسایش بەفەرمی رایگەیاند کە دەستگیریان کردوە ئازادی نەکەن وتۆمەتی لەسەرە.
ئەوە جگە لەوەی بەگوێرەی راپۆرتەکانی سەنتەر و ناوەندکانی تایبەت بە رۆژنامەنوسان، ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین بەردەوام لەژێر هەڕەشە و پاشەکشەداییە، بەگوێرەی راپۆرتی سەنتەری میتڕۆ بۆ رۆژنامەوانی، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢، لەهەرێمی کوردستان 431 پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ 301 روَژنامه‌نوس و دامه‌زراوه‌ی میدیایی ئەنجامدراوە، ئامارەکان بەم جۆرەن:
رێگریکردن: 195 حاڵەت
زه‌وتكردن و شكاندنی كه‌لوپه‌لی روَژنامه‌وانی: 68
هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تی: 46
ده‌ستبه‌سه‌ركردن به‌ بێ بڕیاری دادگا: 64
ده‌ستگیركردن به‌ بڕیاری دادگا: 4
لێدان وبرینداربوون: 26
داخستنی نوسینگه‌ی كه‌ناڵ: 1
هێرشی موشه‌كی: 2
هه‌ڵكوتانه‌ سه‌رماڵی روَژنامه‌نوس : 3
هێرشی ئه‌لیكتروَنی: 6
پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌: 16

لەناو ئەو ئامارانەدا هەریەک لە رۆژنامەڤان سەرتیپ كەریم وەیسی، سەرنووسەر و ئیبراهیم عەلی بەڕێوەبەری نووسینی تۆڕی هەواڵی بوار لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراون و رفێندران و دواتر براون بۆ دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی ‌و لە زیندانی تاكەكەسی رایانگرتن، ئەوە جگە لەوە هەوڵدرا کە تەواوی ستافی تۆڕی هەواڵی بوار دەستگیربکرین و بڕفێندرێن و دەستبەسەر میدیا و پەیجە و سایتەکە دابگیرێت، ئێستا کارمەندانی ئەو دەزگاییە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی گرتن ورفاندن و راوەدونان دان و تاوەکو ئێستاش هیچ کەسیک لەسەر ئەو کەیسە نەگیروە ونەدادگایی کراوە نەک دادگاش بەلایدا دەڕوات
هاوکات منیش یەکێکم لەوانە چەندینجار، هەڕەشەم لێکراوە ئەگەر واز لە رەخنەکان نەهێنم یان زیندان یان کوشتن چاوەڕێمە، من دەیان جار جگە لە هەڕەشە و سوکایەتی، گیراوم هەڵیانکوتاوەتە سەرم، موبایلیان لێسەندووم، بەڵێننامەیان پێ پڕکردوومەتەوە، ئێستا من وەک رۆژنامەڤانێک و رەخنەگرێک، نەدەتوانم لە هەولێر نە لە سلێمانی ئیش بکەم وەک رۆژنامەڤان، چونکە بەڵێننامەم پێ پڕکراوەتەوە کە نابێت ئیشی رۆژنامەڤانی بکەم لەکاتێک بروانامەکە و خولیا و حەزەکەم لەو بوارەیە، ئایا ئەوەیە ئازادیەکە؟!.
ئەو ئامارانە نیشانی دەدەن کە هیچ بەهایەک بۆ ئازادی رۆژنامەگەری نەماوەتەوە وکاری میدیایی نەماوەتەوە، یان دەبێت ببیت بە پیاوی حیزب ودەستەڵات و یان دەبێت تەسلیم بیت و وازبهێنێت یان ئەوەتا دەبێت وڵاتەکە جێبهێڵیت و رابکەیت ئەگەرنا شوێنەکەت زیندانە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان، حیزب دوو رێگای خستوەتە بەردەم رۆژنامەنوسان، یان دەبێت تەسلیم بن و ببن بە کارمەندی حیزب و میدیایی حیزبی یان دەبێت واز لەکارکە بهێنن و دەست لە رەخنە گرتن هەڵبگرن ئەگەرنا هەر رۆژە و بەبیانوویەک و هۆکارێک دادگایی، بانگهشتکردن بەڵێناممە پڕکردنەوە و تۆمەتی جیاجیا رووبەروی لێپێچینەوە دەبنەوە، دواجار بە پیلانێک یان لەناو دەبرێن یان دەخرێنە زیندانەوە، لەکۆتاییش تۆمەتێکی وا بۆ رۆژنامەنوسەکە دروستدەکەن کە خێزانەکەشی شەرم بکات باس لە ئازادبوونی بکات، وەک ئەو کەیسانەی لەم چەند ساڵەدا روویاندا، یان جۆرێک لە کوشتن و مردن رووبەروی رۆژنامەڤانان دەکرێتەوە لەرێگای کەسانی دیکە بە کوشتنی هەڵەم یان رووداوی هاتووچۆ یاخود مادەی هۆشبەر و کاری نایاسایی.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color