لێخۆشبوونەکەی ئەمریکا بۆ عێراق قازانجی 10 ملیار دۆلار بە ئێران دەگەیەنێت
بوار: بەغدا
ئەو لێخۆشبوونەی ئەمریکا بۆ عێراق لەبارەی مامەڵەی گاز و هاوردەی کارەبا لەگەڵ ئێران دەریکردووە، قازانجی 10 ملیار دۆلار بە ئێران دەگەیەنێت.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناوەرۆکی نوێکردنەوەی ئەو لێخۆشبوونەی، کە ئەمریکا بۆ عێراق دەریکردووە، بۆ گواستنەوەی 10 ملیار دۆلارە بۆ ئێران.
ماتیۆ میلەر راشیگەیاند، ئەو پارەیە خەرجی داهاتی کارەبای هاوردەکراو لە ئێرانەوە، لەگەڵ کڕینی گازی سورشتی لەو وڵاتە بۆ بەرهەهێنانی کارەبایە.
لێخۆشبوونی پێشوو سێشەممەی ڕابردوو کۆتایی هات، کە هەمان رۆژ ئەمریکا بڕیاریدا لیخۆشبوونەکە نوێبکاتەوە
دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایانگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە بڕیاری درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی عێراق لە سزاکانی سەر ئێران واژووە کردووە، بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژی تر.
ئەو دوو بەرپرسە ڕوونیانکردەوە، کە ئەم درێژکردنەوەیە بیست و یەکەمین جارە لە ساڵی 2018ەوە دەکرێت، ئێران دەتوانێت ئەو پارانەی کە لە بانکەکانی عێراقدا سنووردار کراون بۆ مامەڵەی مرۆیی و مامەڵەی دیکەی گەمارۆنەدراو بەکاربهێنێت.
سەبارەت بەو شەش ملیار دۆلارەی لە کۆریای باشوورەوە لە ڕێگەی قەتەرەوە بۆ ئێران گواستراوەتەوە، میلەر وتی، “وەک ئەوەی تێگەیشتووم تا ئێستا هیچ کام لەم پارەیە خەرج نەکراوە”.