گرنگ

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارییەکانی عێراق نرخی دۆلار بەرزدەکاتەوە

2023-11-19

 

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارییەکانی عێراق نرخی دۆلار بەرزدەکاتەوە
بوار:
ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر چەند گروپ و کەسایەتییەکی عێراق سەپاندوویەتی، کاریگەری لەسەر نرخی دینار دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی دۆلاریشی لێدەکرێت.

نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری عێراق پشتڕاستی کردەوە، قەیرانی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەردەوام دەبێت، چونکە چارەسەرەکانی حکومەتی عێراق واقیعی نین، بۆیە نرخی دینار ناجێگیرە بەرانبەر دۆلار.

نەبیل مەرسوومی راشیگەیاند، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارییەکانیش کاریگەری خۆی دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لێدەکرێت.

ئەو لە لێدوانێکی بۆ بەغداد یەوم ئەوەشی راگەیاند، بەهۆی بەردەوامی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا چارەسەری قەیرانی دۆلار سەختە، هەروەها روونیکردەوە، دوای جێبەجێکردنی سیستەمی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران قورس بووە، بەو پێیەی عێراق ساڵانە 10 ملیار دۆلار بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەیە، هێشتاش بەهۆی سەردانی گەشتیار و نەخۆش بۆ ئێران، ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار دەچێتە لە عێراقەوە ئەو وڵاتە ، بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی دۆلار زەحمەتە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا دوو رێگە دەتوانن سەقامگیری بۆ نرخی دۆلار بگەڕێننەوە و کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنن، ئەمەش قەناعەت پێکردنی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ڕێگە بە گواستنەوەی دۆلار بدات بۆ ئێران، یان گەڕان بەدوای سەرچاوەیەکی دیکەدا بۆ هاوردەکردنی کاڵا لەو وڵاتانەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا نین.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color