گرنگ

سودانی بەدواداچوون بۆ گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانەسروشتییەکانی هەرێم دەکات

2023-11-19

 

سودانی بەدواداچوون بۆ گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانەسروشتییەکانی هەرێم دەکات

بوار: بەغدا

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەت بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە نەوتییەکان کردو بەدواداچوونیشی بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداش کردووە.

نووسینگەکە بڵاویشیکردەوە، ئەمڕۆ یەک شەممە سودانی سەرپەرشتی کۆبونەوەی ئاسایی کرد بۆ بەدواداچوون بۆ وەزارەتی نەوت و پڕۆژەکانی نەوت، هەروەها پێشکەوتنی جێبەجێکردنی ئەو پلانانەی وەزارەت ئامادەکراون بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت لە عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت و ستافی پێشکەوتووی وەزارەت و ڕاوێژکارانی سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری نەوت و وزە.

بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی کەرتی دەرهێنان و دابەشکردن و ناوەندی هەناردەکردن و پڕۆژەکانی غاز و پاڵاوگە و ڕێژەی تەواوکردن و دیارترین کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردن کراوە، ئەمە جگە لەوەی باس لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٣ کراوە.

هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، سەرۆک وەزیران جەختی لە پێویستی پێشخستنی ئەم کەرتە کردەوە، ئاماژەی بە گرنگی وەبەرهێنان لە بەرزبوونەوەی ڕێژەیی نرخی نەوتی جیهانی کردووە.

لە بەرانبەریشدا وەزیرانی نەوت باسی لەوە کردووە، نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتە، بۆیە حکومەت کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و کەرتەکانی دیکەی پەیوەست بە پیشەسازی کیمیایی و پترۆکیمیایی و پێو، بەپێی ئەوەی لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا هاتووە.

هەروەها لە میانی دیدارەکەدا سودانی کورتەیەکی لەسەر ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە خستووەتەڕوو، کە لە نێوان وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامدراون، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دووبارە- هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color