مەحمود محمەد: گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان بەردەوامە
بوار: دهۆک
مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکرات دەڵێت: گفتوگۆکانی حیزبەکەی و یەکێتی نیشتمانی بەردەوامن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان.
مەحمود محەمەد ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی بەشداری لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک قسەی بۆ میدیاکان کردو وتیشی: پارتی و یەکێتی سوورن لەسەر چارەسەری کێشەکانیان، بۆیە درێژە بە گفتوگۆکانیشیان دەدەن.
گوتەبێژی پارتی دیموکرات ئەوەشی وت: چارەسەربوونی کێشەکانی پارتی و یەکێتی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و ئەوەش کاریگەری لەسەر چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت.
ئەو باسی لەوەش کرد، کە شتێکی ئاساییە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەرزبوونەوەو نزمبوونەوە تێیدا رووبدات، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەوڵی چارەسەری کێشەکان بدەن، ئەوەش لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆکەوە.