گرنگ

قایمقامى سلێمانى باس لە بوونى هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەى نرخى نەوت دەکات

2023-12-02

 

قایمقامى سلێمانى باس لە بوونى هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەى نرخى نەوت دەکات

بوار: سلێمانى

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، نرخی ئەو نەوتەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە هاووڵاتیان زۆرەو هەوڵێکى جددی هەیە تا نەوت بە نرخێکی هەرزانتر بە هاووڵاتیان بدرێت.

ئاوات محەمەد قائیمقامی لەمیانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ئەمرۆ شەممە راشیگەیاند، ئەو نرخەى بەغدا بۆ نەوت دیاریکردووە، نرخێکى گونجاوە، بۆیە هەوڵ هەیە نرخەکەى هەرێمیش وەک ئەوەى بەغدا بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە هەرچەندە دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی بەردەوامە، بەڵام بەھۆی گرانی نرخەکەیەوە بەشێک لە ھاوڵاتیان ئامادەنین ئەو بەشە نەوتە وەربگرن، کە حکومەتی هەرێم دابینکردووە.

بە قسەی تەھا جەمال لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی و دەوروبەری، دابەشکردنی نەوت بەسەر ھاوڵاتیاندا بەردەوامە بە نرخی ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ھەر بەرمیلێک، بەڵام هاووڵاتیان وەرگرتنی رەتدەکەنەوە.

هەر بە قسەی تەها جەمال، لە ئێستاشدا لە مەڵبەندی یەک دەستیان بە دابەشکردنی نەوت کردووە، بەڵام بە دەمەوەهاتنی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی کەمە.

سەبارەت بەدەنگۆی راگرتنی دابەشکردنی نەوتیش ئاماژەی بەوە کرد، بەھۆی ئەوەی حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە نەوت بە نرخی ٥٠ ھەزار دینار رەوانەی ھەرێم بکات و بە ھەمان نرخ دابەش بکرێت، ھاوڵاتیان ئامادەنین نەوت بە ١٠٣ ھەزار و ٥٠٠ دینار وەربگرن، بۆیە پرسەی دابەشکردنەکە خاوکراوەتەوە.

لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق بڕیاریدا هەر لیترێک نەوت بە ٢٥٠ دینار بۆ هەرێم بنێرێت، کە پێشتر بە 500 دینار دەینارد.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color