گرنگ

ئەمریکا لە رێگەی سودانییەوە پەیامێکی نوێ بۆ ئێران دەنێرێت


 

ئەمریکا لە رێگەی سودانییەوە پەیامێکی نوێ بۆ ئێران دەنێرێت

بوار:
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت و بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بۆ گەیاندنی پەیامێکی واشنتن بووە بۆ ئێران.

هەر بە گوێرەی میدیای عێراقی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی تر جەختیکردووەتەوە، کە چیتر بێدەنگ نابن لەهێرشی گروپە چەکدارییەکانی عێراق، کە لەلایەن ئێرانە پیشتگری دەکرێن و لەمەولا راستەوخۆ وەڵامی هەر هێرشێکیان دەدەنەوە، کە بکرێتە سەریان.

میدیای عێراقی باسی لەوەش کردووە، کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو پەیامەشی بۆ لایەنی ئێرانی بووەو کۆتا هۆشداری واشنتنیش بووە چ بۆ تاران چ بۆ لایەنی عێراقی گورپە چەکدارییەکان.

هاوکات ئەمرۆ چوار شەممە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەو بارەوە بڵاویکردەوە، مەحەمەد شیاع سودان ئێوارەی دوێنێ سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە ئەنتۆنی بلینکن پێگەیشت، کە تیایدا ژمارەیەک بابەت و دۆسیە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا خرایەڕوو لەگەڵ چۆنیەتی بەهێزکردنیان و گرنگترین پێشهاتەکانی سەر هەردوو گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

نووسینگەکە بڵاویشیکردەوە، لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سودانی جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی هاوبەشی و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست و کارکردنی بەیەکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ئەمنی و کەشوهەواکان بە شێوەیەک کە پشتیوانی لە هەوڵەکان بکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە.

هەروەها ئەوەشی بڵاوکردەوە، کە سودانی پابەندبوونی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕاوێژکاران و جەختیشی لە توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە ڕاونانی ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان بەبێ دەستێوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکی.

لە لای خۆیەوە، بلینکن ئاماژەی بە بەردەوامی کارکردنی هاوبەش و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد و پێشوازی لە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق کرد بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەو باڵیۆزخانانەی کە لە عێراق کاردەکەن لەگەڵ ڕاونانی ئەو لایەنانەی کە لەپشت هێرشەکانەوە دەوەستن.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color