گرنگ

بوار زانیارى نوێ لەبارەى کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت ئاشکرادەکات


 
بوار زانیارى نوێ لەبارەى کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت ئاشکرادەکات
بوار: تایبەت
لەکۆبوونەوەى نێوان شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و تیمی باڵای وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێم، جارێکى تر باسى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کراوە.
کۆبوونەوەکە رۆژى چوار شەممە بەڕێوەچووە، کە بە گوێرەى زانیارییەکانى بوار، لەو کۆبوونەوەیە باس لەوە کراوە، ئەگەرى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم نزیکە، بەو پێیەى گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغداد هەنگاوى باشى بڕیوە.
هەر بە گوێرەى زانیارییەکانى بوار، کە لە سەرچاوەیەکى ئاگادارى ئەنجوومەنى وەزیران دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەکە باس لەوەش کراوە، زۆربەى خواست و داواکارییەکانى کۆمپانیاکان لەگەڵ لایەنى عێراقى باس کراوەو چاوەڕێى جێبەجێکردنى دەکەن، بۆ ئەوەى بەزوویی بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێبکاتەوە.
لەدواى کۆبوونەوەکەش حکومەتى هەرێم راگەیەنراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوەو لە راگەیەنراوەکە هاتووە، خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، کە ئەم بابەتەش پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
هەر لە راگەیەنراوەکە هاتووە، حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی، ئەوەی لەسەربووە ئەنجامیداوە تا گفتوگۆکان بگەنە ڕێکەوتن و چارەسەرى کۆتایی و دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم.
لە 25ی ئاداری 2023دا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراو تائێستاش گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت بەردەوامى هەیە
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color