گرنگ

بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی، حكومەتی هەرێم نزیكەی شەش تریلیۆن دیناری بۆ گەڕاوەتەوە

2024-02-12

 
بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی، حكومەتی هەرێم نزیكەی شەش تریلیۆن دیناری بۆ گەڕاوەتەوە
بوار، تایبەت
ماوەی هەشت ساڵە بە رێنمایی دارایی ژمارەی 11ی ساڵی 2016 وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی ڕاگرتووە. لەو ماوەیەشدا دەبوو هەر فەرمانبەرێك دووجار پلەبەرزكردنەوەیان بۆ بكرابایە كە هەر پلەبەرزكردنەوەیەك لە نێوان 60 تا 100 هەزار دینار لە مووچەكانیان زیاد دەكات، لە بەدواداچوونێكی بواردا دەردەكەوێت كە بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی، حكومەتی هەرێم نزیكەی شەش تریلیۆن دیناری بۆ گەڕاوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بە بوار دراون ئەوەخراوەتەڕوو، ژمارەی فەرمانبەری هەمیشەیی لەسەرجەم وەزارەت و دەستەكان برتییە لە682 هەزارو 141 فەرمانبەر. موچەی مانگانەیان بڕی 734 ملیار و 593 ملیۆن دینارە، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەستیش لەسەرجەم وەزارەت و دەستەكان بریتییە لە 26 هەزار و 889 فەرمانبەر و موچەی مانگانەیان بڕی 12 ملیار و 394 ملیۆن دینارە.
ژمارەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی، كە مانگانە مووچە وەردەگرن بریتییە لە 245 هەزارو 104 خانەنشین، بری مووچەكانیشیان دەگاتە بڕی 119 ملیار دینار، لەو رێژەیەش 64 ملیار دینار بۆ خانەنشینی مەدەنی و 55 ملیار دینار بۆ خانەنشینی سەربازی خەرج دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو كەسانەی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن 76 هەزار و 788 كەسن، كە بڕی مووچەكانیان 11 ملیار و 117 ملیۆن دینارە، هەروەها ژمارەی ئەو كەسانەی كە مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان وەردەگرن 83 هەزارو 413 كەسە. بڕی مووچەكانیان 36 ملیار و 377 ملیۆن دینارە، مووچەی هەر مانگێكی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بە خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەگاتە بڕی 913 ملیار و 623 ملیۆن دینار.
لە بەدواداچوونەكانی بوار دەركەوتووە كە بە رێنمایی دارایی ژمارەی 11ی ساڵی 2016 وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی ڕاگرتووە. لە1/1/2016ەوە بڕ‌یارەكە چووەتە بواری جێبەجێكردن، لەو ماوەیەشدا بەلایەنی كەم هەر فەرمانبەرێك دوو تا سێ‌ پلەبەرزكردنەوەی بۆ نەبەستراوە، كە هەرپلە بەرزكردنەوەیەك لە نێوان 60 تا 100 هەزار دینار لە مووچەی فەرمانبەران زیاد دەكات، بەشێوەیەكی گشتیش هەر فەرمانبەرێك بەهۆی ئەو ڕێنماییەوە بڕی پینج ملیۆن و 700 هەزار دینار بۆ نۆ ملیۆن و 600 هەزار لە مووچەكەی بڕدراوە.
لە ماوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم تا مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێم بڕی پێنج ترلیۆن و 996 ملیاردیناری بۆ گەڕاوەتەوە و بەناوی پاشكەوتەوە نەیداوە بە فەرمانبەرانی شارستانی، بەڵام پلە سەربازییەكان پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوە ئەوەش زیاتر نیگەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color