هه‌رچه‌نده سه‌رۆك و زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى دادگاى فیدڕاڵى عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان لهماوهیەكى نزیكدا دادگا بڕیار له‌سه‌ر پابه‌ندكردنى به‌غدا بدا به‌پێدانى شایسته داراییه‌كانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى دارایى عێراق و حكومه‌تى عێراق له دژى هه‌رێم قسه‌یان كردووه.
بوار زانیویه‌تى، له كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى 18ى 2ى 2024ی دادگاى فیدڕاڵی عێراق كە بەشێكی تایبه‌ت بوو به شایسته داراییه‌كانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى دادگاى فیدڕاڵى و زۆرینه‌ى دادوه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون له دانیشتنى داهاتوودا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بدرێت به‌مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌ى مافى مووچهخۆڕانى هه‌رێم و پابه‌ندكردنى هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ده‌ستوور به پێدانى مووچه‌كانیان له كاتى خۆیدا.
بوار زانیویه‌تى، له‌و دانیشتنه‌دا سكاڵاكاران و نوێنه‌رى مامۆستایان و نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون به‌غدا بڕیارێكى "وه‌لائى" له باره‌ى بڕگه‌و مادده‌كانى تایبه‌ت به مافى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربكات تاوه‌كو یاساى بودجه له په‌رله‌مانى عێراق هه‌موار ده‌كرێته‌وه و مووچه‌خۆرانی هەرێم هاوشێوه‌ى پارێزگاكانى دیكه مووچه‌كانیان له كاتى خۆیدا وه‌ربگرن.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، له دانیشتنى ئه‌مجاره‌ى دادگاى فیدڕاڵى نوێنه‌رى حكومه‌تى عێراق و وه‌زاره‌تى دارایى عێراق له دژى حكومه‌تى هه‌رێم قسه‌یان كردووه‌و باسیان له‌وه‌كردووه هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه به پێدانى لیستى مووچه‌خۆران و به‌شێكى زۆر له ناوى خانه‌نشینى پله باڵا له لیستى مووچه‌خۆران نایاساییه.