سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەكات ئەو ڕێگرییەی كە لە هێنان و بردنی كاڵا دەكرێت لە نێوان هەولێر و سلێمانی دواجار بارگرانی زیاتر لە سەرشانی هاووڵاتیان دروستدەكات و بیانوویەكیش بە حكومەتی عێراق دەدات كە ڕێگربێت لەوەی نەهێڵێت كاڵاو بەرهەمی ناوخۆیی بچێتە پارێزگاكانی دیكەی عێراق.
تاهیر عیزەدین، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە، بە بواری ڕاگەیاند: بەداخەوە چەند ڕۆژێكە بابەتی ڕێگریكردن لە بازرگانان لە بازگەكانی هەولێر و سلێمانی دروستبووە بەوەی دەبێت گومرگ و باج بدەن پاشان ڕێگەیان پێدەدرێت كاڵاكانیان ببەن و بهێنن، ئەمە حاڵەتێكی مەترسیدارە و درێژەدان بەم دۆخە لێکەوتەی ئابوری زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە پاشانیش سەردەكێشێت بۆ لێكەوتەی سیاسی زۆر خراپ.
ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك لە بازگەكانی هەولێر یان سلێمانی داوای بڕە پارەیەك لە بازرگانان دەكرێت لەبەرامبەر ڕێگە پێدانیان بۆ هێنان و بردنی كاڵاكان، ئەمە وادەكات نرخی ئەو كاڵایە زیاتر بەرز ببێتەوە، دواجاریش بازرگانەكە بۆ دەستكەوتنەوەی ئەو پارەیەی كە داویەتی نرخی كاڵاكان بەرز دەكاتەوە و دواجار هاووڵاتیان باجەكەی دەدەن.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، درێژەدان بەم حاڵەتی ئێستا هەیە لە نێوان بازگەكانی هەولێر و سلێمانی بیانوو دەداتە حكومەتی عێراقی كە ئەویش هەمان سیاسەت بگرێتە بەر و ڕێگەندات كاڵاو شمەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بگاتە پارێزگەكانی عێراق و لەوێ ساغ بكرێتەوە ئەوەش دەبێتە زیانگەیاندن بە بازرگانانی هەرێم و هێندەی دیكە دۆخی دارایی هەرێم خراپتر دەبێت.