تورکیا ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنە فراوانەکەی دەکات بڕیارە ئەمڕۆ ۱٤ی۳، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گویلەر وەزیری بەرگری تورکیا و ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا سەردانی عێراق بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببنەوە.
ئامانجی سەردانی بەرپرسانی تورکیا ئامادەکارییە بۆ ئۆپراسیۆنە فراوانەکەی سوپای تورکیا لە هەرێم کە بڕیارە لە کۆتایی وەرزی بەهار دەست پێبکات. چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین ئۆپراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی تورکیا بێت و بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوای هاوکاری و هەماهەنگی لە بەغداو هەولێر دەکەن بۆ ئۆپراسیۆنەکەیان.
جگە لە باسکردنی ئۆپراسیۆنەکە بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ لەسەر شەنگال و کەمپی مەخموور و سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراقدا دەکەن. بڕیارە لەسەردانەکەیاندا چاویان بە محەمەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەوێت و تا ئێستا دیار نییە هەولێر بەشێک دەبێت لە بەرنامەی گەشتەکەیان یان نا.