دوێنێ یه‌كشه‌ممه (31 ئاداری 2024) هه‌ڵبژاردنی خۆجێی (شاره‌وانی) له توركیا ئه‌نجامدرا. به گوێره‌ی ئه‌نجامه به‌راییه نا فه‌رمیه‌كان، پارتی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆن پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په) سه‌رۆكایه‌تی 35 شاره‌وانی به‌ده‌ستهێناوه و بووه براوه‌ی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردن. پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی) به پله‌ی دووه‌م دێـت و له 24 شاره‌وانیدا سه‌ركه‌وتوو بووه. هه‌روه‌ها پارتی یه‌كسانی و دیموكراتی گه‌لان (ده‌مپارتی) كه وه‌كو نوێنه‌ری كورد له قه‌ڵه‌م ده‌درێت له 10 شاره‌وانیدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه كه سێیان گه‌وره شاره‌وانین. جگه له‌مانه‌ش هه‌ریه‌ك له پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی (مه‌هه‌په) هه‌شت شاره‌وانی، پارتی ره‌فای نوێ 2 شاره‌وانی، هه‌ریه‌ك له پارتی یه‌كێتی گه‌وره و ئیپارتی 1 شاره‌وانیان به‌ده‌ستهێناوه.
له ده‌ره‌وه‌ی ژماره و داتاكاندا، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چه‌ندین راستی و لێكه‌وته‌ی چاوه‌ڕوانكراو و چاوه‌ڕواننه‌كراوی لێكه‌وته‌وه. گرنگترینیان سه‌ركه‌وتنی (ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو) بوو، له ئیستانبۆڵ به جیاوازی زیاتر له ملیۆنێك ده‌نگ له به‌رامبه‌ركاندیدی ئاكپارتی (موڕاد قوروم). سه‌ركه‌وتنی ئیمامئۆغڵو به رێژه‌ی (51.9٪) پڵان و به‌رنامه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری بۆ داهاتوو سه‌راوبن كرد. هه‌روه‌ها ئه‌م سه‌ركه‌وتنه ئیمامئۆغڵو ده‌كاته كاراكته‌رێكی گرنگ له دیاریكردنی نه‌خشه‌ی سیاسی داهاتووی توركیادا. لێكه‌وته‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌نده به هه‌ڵوێستی ده‌نگده‌ری كورد، سه‌ره‌ڕای هه‌موو فشاره‌كان، هه‌ڵمه‌تی ناشیرین كردن، فرتوفێڵ و سه‌خته‌كاری، كورد هه‌نگاوی بۆ دواوه نه‌نا، به پێچه‌وانه‌وه (ده‌مپارتی) چه‌ند هه‌نگاوێكی چووه پێشه‌وه. له هه‌مان كات پڕۆژژه‌ی (هوداپار) كه سه‌ركۆماری توركیا هیوای له‌سه‌ر چنیبوو بۆ دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیفێك له به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌ره‌سی هێنا. لایه‌نێكی دیكه شكستخواردووی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه پارتی كۆمۆنیستی توركیا (TİP) و پارت و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پڕه‌وه‌ی توركه.
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی ئه‌مجاره، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی گشتی له (ئایاری 2023) دا پێچه‌وانه‌ی پێشبینیه‌كان بوو. به‌ر له رۆژی (31 ئاداری 2024) به لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنیش، كه‌س پێشبینی نه‌ده‌كرد ئه‌نجامه‌كان بگه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی توركیا بگۆڕن و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار (ئاكپارتی) تووشی ئه‌م شكسته گه‌وره‌یه بێت.
چه‌ند سه‌ردێرێك ده‌رباره‌ی ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردنی 31 ئادار:
- ئه‌م هه‌ڵبژاردنه برینێكی قوڵی له جه‌سته‌ی رژێمی سته‌مكار و تاكه كه‌سی ئه‌ردۆغان دروستكرد و ئاكپارتی گه‌ڕاندنه‌وه سنووری هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2002). به شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه خۆ كۆكردنه‌وه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی زۆر زه‌حمه‌ته (مه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ستراتیژی ئۆپۆزسیۆن وه‌كو هه‌ڵبژاردنی گشتی ساڵی 2023 رووبدات). ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تی خۆ له‌سه‌ر پێ را‌گرتن، مانه‌وه و به‌رده‌وامبوونی هاوپه‌یمانیه‌تی (ئاكپارتی – مه‌هه‌په) له‌باربرد، كه له‌سه‌ر بنه‌مای دوژمنایه‌تی و قه‌تیسكردنی كورد دامه‌زراوه.
- پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و هاوبه‌شه‌كانی، هه‌موو توانای ده‌وڵه‌تیان خسته‌گه‌ڕه‌وه بۆ راگرتنی (جه‌هه‌په و ئیمامئۆغڵو)، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان له جاران زیاتر پێگه‌ی (ئیمامئۆغڵو) به‌هێزتر ده‌كه‌ن و ده‌یكاته كاراكته‌رێكی گرنگ له دیاریكردنی نه‌خشه و دواڕۆژی سیاسی له توركیا. به دوور نازانرێت كه ئیمامئۆغڵو ببێته كاندیدی هه‌ر به‌هێزی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیا.
سه‌ركۆمار و 17 وه‌زیر بۆ ماوه‌ی زیاتر له 15 رۆژ له ئیستانبۆڵ مانه‌وه، به‌رنامه‌شیان رێگرتن بوو له دووباره سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی (ئیمائۆغڵو). به‌ڵام شكستی ده‌سه‌ڵات،كاراكته‌ری سیاسی ئیمائۆغڵو، ده‌كاته سه‌مبۆلێكی زۆر جدی و ئیتر كاریگه‌ری ته‌نیا به ئیستانبۆڵ سنووردار نابێت، به‌ڵكو هه‌موو توركیا ده‌گرێته‌وه. له دیدی ده‌نگده‌ری تورك (ئیمامئۆغڵو) ده‌بێته ئه‌و كاندیده‌ی كه ده‌توانێ پشتی (ئه‌ردۆغان) له زه‌ویدا بدات.
سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ئیمائۆغڵو به‌م رێژه‌یه زۆر، له‌وانه‌یه بۆ (ئوزگور ئۆزه‌ل) سه‌رۆك گشتی جه‌هه‌په‌ش چاوه‌ڕواننه‌كراو بێت. لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی (جه‌هه‌په) شكاندنی باوه‌كانه، تا ئه‌مڕۆ له توركیا ئه‌وه‌ی باوه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی (جه‌هه‌په) جێگیره و 25٪ تێپه‌ڕ ناكات، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كان ده‌نگی ئه‌م پارته‌ی گه‌یانده سه‌رووی 37٪. ئیتر ئه‌و لۆژیكه‌ی پێیوابوو كه جارێكی دیكه جه‌هه‌په ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵبژاردنی 31 ئاداری 2024 بووه مێژوو.
- ده‌نگده‌ری كورد سه‌ره‌ڕای گوشار، ناشیرین كردن، فرتوفێڵ و ساخته‌كاری هه‌نگاوی بۆ دواوه نه‌نا. به پێچه‌وانه‌وه (ده‌مپارتی) چه‌ند هه‌نگاوێكی بۆ پێشه‌وه ناوه، ده‌رهێنانی شاره‌وانیه‌كانی ئاگری، موش و ئیغدر له ده‌ستی ئاكپارتی، سه‌ركه‌وتنه ره‌هاكه‌ی له وان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی له روها، ئاماژه‌یه‌كی زه‌قه كه هێشتا ئیراده‌ی كورد له جێگای خۆیه‌تی.
له سایه‌ی هه‌ڵبژاردندا جارێكی دووپات كرایه‌وه كه سیاسه‌تی گوشاری ئه‌ردۆغان له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه و لێناكه‌وێته‌وه، سیاسه‌تی قه‌یوه‌م كاریگه‌ری نابێت و ده‌بێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئاسایی بكرێته‌وه و پێویسته ده‌ستبه‌جێ سیاسه‌تی دانوستاندن جێگای گوشار و قه‌یوم بگرێته‌وه.
- ده‌ره‌نجامێكی دیكه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ره‌ش بوونه‌وه و بێ سوودبوونی سیاسه‌تی (مه‌ڕال ئاكشه‌نه‌ر) سه‌رۆكی (ئیپارتی) بوو. هه‌ڵبژاردنی 31 ئادار نیشانی‌دا كه ده‌نگده‌ری تورك گرنگی نادات به سیاسه‌تی نا سه‌قامگیر، پڕ ناكۆكی و بێ بنه‌ما. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت كه هه‌وڵی ئاكشه‌نه‌ر بۆ چوونه ناو هاوپه‌یمانی كۆمار (هاوپه‌یمانی ئاكپارتی – مه‌هه‌په) بێ ئه‌نجامه. ئه‌گه‌ر له چوونه ناو ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ش سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وه ناتوانێ ئه‌نجامی سیاسی به‌ده‌ست بهێنێت.
- هه‌ره‌سهێنانی پڕۆژه‌ی (هوداپار) ده‌ره‌نجامێكی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆجێی بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاكپارتی هاوكاری سیاسی، ئابووری و بیرۆكراتیانه‌ی پێشكه‌ش به (هوداپاری ئیسلامی) كرد، به‌ڵام ئه‌م پڕۆژه‌یه شكستی هێنا و له هه‌ڵبژاردندا ئه‌م پارته نه‌یتوانی 1٪ ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت. پڕۆژه‌ی (هوداپار) كه‌وته ناو زبڵدانه‌وه كه ده‌وڵه‌ت دیزاین و ئه‌ندازیاری بۆ ده‌كرد.
- له هه‌ڵبژاردنی 31 ئاداردا ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی –فاشیست له توركیا تووشی نسكۆیه‌كی گه‌وره بوو. (پارتی زه‌فه‌ر) كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات به نهێنی و له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنیش به ئاشكرا پشتگیری لێده‌كرا، بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایه‌ی له سیاسه‌تی توركیا به‌ده‌یده‌كرێت، نه‌یتوانی هیچ ئه‌نجامێك به‌ده‌ست بێنێت. ئیتر ده‌ركه‌وت كه پارتی زه‌فه‌ر له گرووپێكی بچووك به‌ولاوه، هیچ پێگه‌یه‌كیان نه‌بووه.
- چه‌پ و كۆمۆنیستی تورك، لایه‌نێكی دیكه‌ی شكستخواردووی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی توركیا بوو. سه‌ركه‌وتنه بچووكه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی ساڵی 2023 كه پارتی كۆمۆنیستی توركیا (TİP) به‌ده‌ستیهێنا، ئه‌م پارته و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی كه‌مالیستی توركی تووشی سه‌رخۆشی و زێده‌ڕۆیی له خه‌مڵاندنی هێزی خۆی كرد. ئه‌م پارته به بژارده‌ی پۆپۆلیستیانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له شكستپێهێنانی (جه‌هه‌په) و سه‌رخستنی كاندیدی (ئاكپارتی) له شاری (هاتای) عه‌له‌وی نشین. به‌م شێوه‌یه (TİP) و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی كه‌مالیست بووه نموونه‌یه‌كی ناشیرینی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه.