گرنگ

هەموو شتێک لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر


 
یەکەمجارە هێرشی درۆنی بۆ سەرکێڵگەکە ئەنجام دەدرێت و چەند کارمەندێک دەکوژرێن
 
کاتژمێر ٦و ٤٥ خولەکی ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ۲٦ی نیسان، بەدرۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر ئەنجام دراوە، بەڵام بۆ یەکەمجارە لە هێرشەکاندا قوربانی گیانی لێدەکەوێتەوە.
لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو، شەش کارمەندی کۆمپانیای پترۆ وێڵد بەرکەوتوون. هەر شەش کارمەندەکە خەڵکی وڵاتی یەمەنن. بەڕەگەز هاوڵاتی عەرەبن و چوار کارمەندیان گیانیان لە دەستداوە. دوو کارمەندیشیان بریندار بوون و باری تەندروستیان جێگیرە.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، هەمان شوێنی هێرشەکەی شەوی ۲٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵ بەئامانج گیراوە کە تانکییەک بووە بۆ کۆگاکردنی مادەی تار tar tank و بەهۆی هێرشەکەی پێشووتر زیانی بەرکەوتبوو ئەو کارمەندانەی کۆمپانیای پترۆوێڵد کە وەک کۆنتراکتەر بۆ داناگاز کاردەکەن سەرقاڵی چاککردنی تانکییەکە بوون.
ئەو بەشەی کە لە هێرشەکەدا بە ئامانج گیراوە، بەشی کۆنی کێڵگەکە بووە. کە ناوچەیەکی هەستیاری نێوان تاوەری سێ و چوار بەر هێرشەکە کەوتووە کە هەمان شوێنی هێرشە موشەکییەکەی ۲٥ی مانگی کانونی دووەم بووە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، درۆنەکە لە ئاسمانی کێڵگەکە بینراوە تا خۆی بە تانکییەکدا کێشاوە.
چەند شایەتحاڵێک لە کێڵگەکە، ڕایانگەیاند ”درۆنەکە هاتوەتە سەر ئاسمانی کێڵگەکە لە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات و باشورەوە هاتووە واتە لە ناو ئاڕاستەی سەنگاو و نزیک قادرکەرەمەوە هاتووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە پێشتر درۆنەکە لە ئاسمانی گوندی ژاژ بینراوە کە پێنج کیلۆمەتر لە خۆرئاوای کێڵگەی کۆرمۆرە بە ئاڕاستەی دووز دوورە، بەڵام کاتێک درۆنەکە بەر کێڵگەکە کەوتووە بەئاڕاستەی نێوان قادرکەرەم و گوندی ئاوای جەلال هاتووەتە ناو ئاسمانی کێڵگەکەوەو درۆنێکی خۆکوژ بووە و تەقیوەتەوە.
کاتێک درۆنەکە بە تانکیەکەدا تەقیوەتەوە ئاگرێک دروست بووە. ئاگرەکە دوای کاتژمێرێک کۆنترۆڵ کراوە و کەرەستەکانی کۆمپانیای پترۆوێڵد سوتاوە کە سەرقاڵی کارکردن بوون. دواتر هەناردەی غاز بەبۆڕی بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا ڕاگیرا و بارکردنی کۆندێنسەیت (نەفتا) و غازی LPG کە بە تانکەر باردەکرێت ڕاگیرا. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند ئاستی بەرهەمی کارەبا ۲٥۰۰ مێگاوات کەمی کردووە بەهۆی هێرشەکەوە.
تەرمی هەرچوار کوژراوەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کران و لە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی هێزی ئاسایشی چەمچەماڵدا هێنران و چوار کوژراوەکە ناویان (عیسام محەمەد ئەحمەد، عەوەز عەبدە عەلی، یوسف یاسر حەموود، عەلی عەبوود ئەحمەد)ن و خەڵکی وڵاتی یەمەنن و کارمەندی کۆمپانیای پترۆ وێڵدن. پێشتر لە کێڵگەیەکی نەوت لە قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک کاریان کردووە. ماوەی مانگێکە لە کێڵگەی کۆرمۆر سەرقاڵی کارکردن بوون و دواتر توێکاری تەرمەکان کراو ڕەوانەی سلێمانی کران.
دوای هێرشەکە هێزێکی زۆری کۆماندۆ و ئۆپراسیۆنی ئاسایش لە چەمچەماڵەوە بۆ کۆرمۆر بەڕێکەوتن و تیمێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و سامانە سروشتییەکان گەیشتنە کێڵگەکە. قایمقامی چەمچەماڵ لە سلێمانییەوە کاتژمێر ۱۱ی شەو گەیشتەوە چەمچەماڵ و ڕایگەیاند سبەی تیمی لێکۆڵینەوە سەردانی چەمچەماڵ دەکەن.
دوای هێرشەکە هێزە ئەمنییەکانی قادرکەرەم بەخێرایی بە چوار دەوری کێڵگەی کۆرمۆر بڵاو بوونەوە و کۆماندۆ و هێزەکانی ئاسایش و بەرگری و فریاکەوتن و پۆلیسی نەوت و غاز و پێشمەرگە لە پشتەوەی کێڵگەکە بەئاڕاستەی دووز دەستیان بەجمووجوڵ کرد.
تانکەرەکانی گواستنەوەی LPG و کۆندێنسەیە (نەفتا) کە لە کێڵگەکە بار دەگوازنەوە سەرەڕای ڕاگرتنی بارکردن پێیان ڕاگەیەنراوە بارکردنی LPG و کۆندێنسەیت ڕاگیراوە، بەڵام دەروازەی کێڵگەکە جێمەهێڵن و لە زووترین کات هەوڵدەدرێت بارکردن دەست پێبکاتەوە.
بۆ یەکەمجارە هێرشە درۆنی بکرێتە سەر کێڵگەکەو کوژراوی لێبکەوێتەوە. لای خۆشییەوە حکومەتی عێراق لە بارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند ”لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست دەکەن و گومانەکانی هێزە ئەمنیەکان بەو ئاڕاستەیەن هێرشەکە هاوشێوەی هێرشەکانی ڕابردوو سەرچاوەکەی گروپەکانی دووز بێت و درۆنەکە لەوێوە ئاڕاستە کرابێت”.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color