گرنگ

لە ژێر فشاری لایەنە شیعەکان، سودانی کۆتایی بە ئەرکی یۆنامی لە عێراق هێنا


 

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، داوای کۆتای هێنان بە ئەرکی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان یۆنامی دەکات و داوای کردووە تا کۆتای ساڵی ۲۰۲٥ کۆتای بە ئەرکەکانی نێردەکە بهێنرێت.

 

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ بۆ عێراق دروستکرا و ئەرکەکانی بریتین لە لێک نزیککردنەوەی لایەنە عێراقییەکان لە حاڵەتی دروست بوونی گرفتی سیاسی لە نێوانیان و یارمەتیدانی دامەزراوە و دەزگاکان لە ڕێگای ئاژانس و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و یارمەتیدانی لایەنە سیاسیەکان لە کاتی بوونی گرفتی جۆراوجۆردا.

 

یۆنامی شەش مانگ جارێک ڕاپۆرتی خۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش و لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش دەیخوێنێتەوە. ئەوەش وا دەکات وڵاتانی زلهێز  ڕاپۆرتەکانی یۆنامی بەهەند وەربگرن.

 

پاساوی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی یۆنامی سەروەری عێراقە. حکومەتی عێراق پێیوایە وڵاتەکەی لە ڕووی دیموکراسی و دامەزراوەی و حکومڕانییەوە لە ئاستێکدایە پێویستی بە یۆنامی نییە.

 

یۆنامی لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ڕۆڵی خۆی هەبووەو زۆرجار بەرپرسانی هەرێم بۆ فشار کردن لە بەغدا هانایان بۆ یۆنامی بردووە.

 

جێنین بلاسخارت، کە نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکانە لە چاو هاوتاکانی پێش خۆی چالاکترە. ئەوەش وای کردووە لایەنە شیعەکان بەجموجوڵەکانی قەڵس بن. پێیانوایە جیا لە کارەکانی خۆی دەستوەردان لە کاروباری حکومەتی عێراق دەکات.

 

لایەنە شیعەکان، فشاریان لە حکومەتی عێراق کردووە کۆتایی بەڕۆڵی یۆنامی بهێنێت و حکومەتی عێراق دواجار بڕیاریدا لە ماوەی ساڵ و نیوی داهاتوو قۆناغ بەقۆناغ کۆتایی بەکاری نێردەکە بهێنێت. لەو بڕیارە ڕای هەرێم وەرنەگیراوە کە دژ بە نەمانی یۆنامیە لە عێراق.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color