گرنگ

لەبەر ئێران، خەڵاتکردنی عەبدوڵڵای حەسەن زادە لە سلێمانی هەڵوەشێنرایەوە

2024-05-13

 
دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، ئامادەکارییەکانی بۆ سازدانی دیدارێک بەناوی دیداری شکور مستەفا بۆ وەرگێڕان تەواو کردبوو.
 
بڕیار بوو ڕۆژی ۱۲ی ئایار، کاتژمێر ۳ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی خاک لە نزیک پارکی ئازادی شاری سلێمانی دیدارەکە ساز بکرێت.
پێش سازدانی دیدارەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە بە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە ڕادەگەیەنرێت دیدارەکە ساز نەکرێت و دەرگای هۆڵی خاک دادەخرێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕێگری سازدانی دیدارەکەی بۆ بوار پشتڕاست کردەوە و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە لە دیدارەکەدا بڕیار بووە عەبدوڵای حەسەن زادە سکرتێری پێشووی حزبی دیموکرات وەک وەرگێڕێک خەڵات بکرێت. ئەوە لەم کاتەدا بە باش نەزانراوە چونکە لەسەر بابەتی حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئێران ڕێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ هەرێم و عێراق هەیە و نایانەوێت چالاکییەکەی دامەزراوەکە وەکو چالاکی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بناسرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا بە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە ڕاگەیەنراوە دیدارەکە دوا بخەن و بە بڕگەکانی بەرنامەی دیدارەکەدا بچنەوە. دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لە بارەی سازنەکردنی دیدارەکەوە ڕایگەیاند، لەبەر هۆکارێکی نادیار دیدارەکە دواخرا بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهۆکارەکەی بدات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color