گرنگ

دادگای نیویۆرک دوایین دانیشتن لەبارەی كەیسی ترەمپ دەكات و بریاری لەسەر دەدات

2024-05-27

 

سبەی سێشەممە 28-05-2024 دادگای نیویۆرک دوایین دانیشتن لەسەر دۆسیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکات و بڕیاری کۆتایی لای دەستەی دادوەران دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ترەمپ کراون ساخ ببنەوە، دەبێتە یەکەم سەرۆکی مێژووی ئەمریکا بەهۆی کەیسێکی تاوانکاری سزا بدرێت.

شانبەشانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا؛ دۆناڵد ترەمپ تاکە كاندیدی پارتی کۆمارییەکانە و دەیەوێت بۆ خولێکی دیکە بچێتەوە کۆشکی سپی، بەڵام تەگەرەکان زۆرن و کەمتر لە شەش مانگیش ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا .

ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی ساڵی 2006 سێکسی لەگەڵ ستۆرمی دانیەڵز، ئەکتەری فیلمی رووتی ئەمریکی کردبێت و لە 2016 سەتان هەزار دۆلاری پێدابێت بۆئەوەی ئەو پەیوەندییە ئاشکرا نەکات. جگە لەو تۆمەتە، 34 کەیسی دیکە لە دادگا یەکلایی دەکرێنەوە؛ لەوانەش هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020.

رۆژی سێشەممە 07-05-2024 ستۆرمی دانیەڵز، بۆ یەکەمجار لە دادگا ئامادە بوو، بۆئەوەی وەکو شایەتحاڵێک قسە بکات و وتی :"نە بە قسە و نە بە کردار هیچ هەڕەشەیەکی لێ نەکردم. من شەرمەزارم کە قبووڵم کرد و نەمتوانی رەتی بکەمەوە."

هاوكات ئەگەر تۆمەتەکان لە دژی ترەمپ ساخ ببنەوە، ئەوا بە چوار ساڵ بەندکردن بۆ هەریەک لەو کەیسانە سزا دەدرێت و لەلایەکی دیکە، پسپۆڕانی یاسایی ئەمریکا دەڵێن، ئەگەری بەندکردنی ترەمپ لاوازە و بۆی هەیە سزاکە تەنیا پێبژاردن بێت.

جێی باسە ئەوەی لە بەرژەوەندیی ترەمپە ئەوەیە ئەگەر سزاش بدرێت دەتوانێت لە بانگەشەکانی خۆی بەردەوام بێت و لایەنگرەکانیشی لە تشرینی دوومی ئەم ساڵ دەنگی پێبدەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color