گرنگ

سی و پێنج هه‌زار جوتیار چاوه‌ڕێى سوودانى ده‌كه‌ن

2024-05-28

 
 
وابڕیاره‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرى داهاتوودا ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بڕیارێك له‌ باره‌ى بڕى وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان بدات و هه‌وڵه‌كانیش به‌و ئاڕاسته‌یه‌ حكومه‌تى عێراق یه‌ك ملیۆن ته‌ن گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم بۆ ئه‌مساڵ وه‌رگرێت.
 
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست بوار كه‌وتووه‌، وابڕیاره‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرى داهاتوودا ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى خۆیدا ده‌نگ له‌سه‌ر بڕى وه‌رگیراوى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵى 2024 بدات.
 
هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ ره‌زامه‌ندى بدرێت له‌سه‌ر وه‌رگرتنى بڕى یه‌ك ملیۆن ته‌ن گه‌نم. بۆ هه‌رته‌نێك 850 هه‌زار دینار.
 
به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، دواى كۆبوونه‌وه‌كانى دوو هه‌فته‌ى رابردووى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى به‌غدا و به‌رزكردنه‌وه‌ى راپۆرت بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق زیاتر له‌ 35 هه‌زار جوتیار له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ 2 ملیۆن ته‌ن گه‌نم چاوه‌ڕێى بڕیارى سه‌رۆكوه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نى وەزيرانى عێراق ده‌كه‌ن.
 
بوار زانیویه‌تى، به‌پێى ره‌زامه‌ندییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى حكومه‌تى عێراقى ئاستى وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیاران به‌راورد به‌ ساڵانى رابردوو دوو هێنده‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ داواى رێژه‌یه‌كى زیاتر ده‌كه‌ن له‌ چه‌ند رۆژى رابردووش فشار و هه‌وڵه‌كانیان له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراقى زیادیكردووه‌.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color